رۆناڵدۆی دیاردە 4 گەورەترین یاریزانی مێژوو دەستنیشان دەكات

رۆناڵدۆی به‌رازیلی سه‌رۆكی یانه‌ی ڤایادۆلیدی ئیسپانیا
رۆناڵدۆی به‌رازیلی سه‌رۆكی یانه‌ی ڤایادۆلیدی ئیسپانیا

ڕۆناڵدۆ نازاریۆی هێرشبەری پێشووی بەڕازیلی چوار باشترین یاریزانی مێژوو بەپێی ریزبەندی هەڵدەبژێرێت، پێیوایە مێسی لە كریستیانۆ باشترە.
لە پێگەی Goalـی ئینگلیزی دا لێدوانێكی رۆناڵدۆی هێرشبەری پێشووی یانەكانی بارسێلۆنا و ریال مەدرید بڵاوكراوەتەوە كە تێیدا ناوی مێسی و كریستیانۆی لە نێو لیستی باشترین یاریزانەكانی مێژوو ناوبردووە، لە بەرامبەردا ناوی خۆی خستووەتە دەرەوەی لیستەكە.
رۆناڵدۆی گەورە بەپێی ریزبەندی چوار یاریزانی دیاری كردووە، كە پێكهاتوون لە (پێلێ، دیێگۆ ماڕادۆنا، لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ)، بە گوێرەی بۆچوونی ئەو هێرشبەرە بەرازیلییە، پێلێ باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیە.
رۆناڵدۆ ناوی خۆی نەخستووەتە ریزبەندی باشترینەكانی مێژوو، ئەمەش جێگەی سەرسوڕمان بوو، بەوپێیەی ئەو هێرشبەرە بەرازیلییەی بەهۆی ئاستبەرزییەكەی نازناوی دیاردەیان پێبەخشیبوو كە پێشتر زۆربەی نازناوە تاكەكەسی و بە كۆمەڵەكانی بردووەتەوە.
رۆناڵدۆ پێشتر یاریی بۆ یانەكانی ئایندهۆڤن، بارسێلۆنا، ریال مەدرید، ئینتەر میلان و ئەیسی میلان و چەندان یانەی دیكە كردووە،هاوكات سەركردایەتی بەرازیلی كرد بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2002، هەروەها بۆ مۆندیالی 1994ـیش بانگهێشتی بەرازیل كرا، بەڵام لە لایەن كارلۆس ئەلبێرتۆ پێرێرای راهێنەر پشتی پێنەبەسترا، بەوپێیەی ئەوكات تەمەنی 18 ساڵ بوو.
ئەستێرە بەرازیلییەكە پێشتر لەگەڵ یانەی كرۆزیرۆی بەرازیلی دەستی بە یاریكردن كردووە، دووجار نازناوی كۆپا ئەمریكای لە ساڵانی 1997 و 1999 بردووەتەوە و جامی كیشوەرەكانیشی بەدەستهێناوە، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ چەندان یانەی گەورەی ئەورووپا یاریی كردووە، بەڵام نەیتوانی خەونی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی بێتە دی.

رۆناڵدۆی بەرازیلی و زەینەدین زیدانی فەرەنسی بە درێسی ریال مەدرید
رۆناڵدۆی بەرازیلی و زەینەدین زیدانی فەرەنسی بە درێسی ریال مەدرید