عەلی دۆڵەمەری: هەرێمی کوردستان هۆکارێکی گرنگی سەقامگیری ناوچەکەیە

عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکۆمەتی هەرێم لە فەڕەنسا
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکۆمەتی هەرێم لە فەڕەنسا

K24 – هەولێر:

نوێنەری حکۆمەتی هەرێم لە فەڕەنسا، رایدەگەیەنێت؛ کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن کاردانەوەیەکی باش و ئەرێنی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکۆمەتی هەرێم لە فەڕەنسا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێگەیەکی زۆر گرنگی هەیە لە وڵاتانی جیهان و ئەوروپا بە تایبەتی، هەروەها بەبێ هەرێمی کوردستان ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست نایەت.

نوێنەری حکۆمەتی هەرێم لە فەڕەنسا، دەڵێت: دواین کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە داڤۆس لەگەڵ ماکرۆن، هەموومان بینیمان کە ماکرۆن زۆر بە راشکاوانە پشتگیری لە هەرێمی کوردستان کرد.

عەلی دۆڵەمەری، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن، ئاماژەی بەوەدا، سەردانێکی زۆر گرنگ بووە لە کاتێکی زۆر باشدابوو، ناوبراو ژمارەیەک کۆبوونەوەی زۆر گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی واشنتن ئەنجامدا هەموویان پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

نوێنەری حکۆمەتی هەرێم لە فەڕەنسا، گوتی: کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن کاردانەوەیەکی باش و ئەرێنی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

عەلی دۆڵەمەری، جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیری بووە لە ناوچەکەدا.