رێبین سەلام: دادگای فیدراڵی درێژەپێدەری سیاسەتی ئێرانە

رێبین سەلام، شارەزای دەستووری
رێبین سەلام، شارەزای دەستووری

K24 – هەولێر:

یەکێتی ئەوروپا داوا دەکات دادگای فیدراڵی سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، شارەزایەکی دەستووری دەڵێت: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نادەستوورین.

رێبین سەلام، شارەزای دەستووری، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سیاسین و نادەستوورین، ئامانج لێی پێشێلکردنی دەستوور و رێککەوتنەکانە.

ئەو شارەزا دەستوورییە دەڵێت: "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی مایەی جێبەجێکردن و ئاوەڕلێدانەوە نییە، ئەمە دەستکەلایەکە بە دەست ئەو کەسانەی کە لە 16ـی ئۆکتۆبەر چیان پێکرا بە چەک کردیان، ئێستا دەیانەوێت لە رێگەی ئەو دادگایەوە ئەوەی ماوە تەواوی بکەن، هاوکات دەیانەوێت کیانی دەستووری هەرێمی کوردستان لەناو ببەن".

رێبین سەلام، ئاماژەی بەوەدا، "هەندێک هێزی کوردستانی ئەوەی لە سندوقەکانی دەنگدان و مێزی دانوستان بەدەستیان نەهێنا، ئێستا دەیانەوێت لە رێگەی ئەم دادگایەوە بەدەستی بهێنن، هەروەها ئەم بڕیارانە کەفی سەر ئاون".

ئەو شارەزا دەستوورییە، باسی لەوەشکرد، "دادگای فیدراڵی درێژەپێدەری سیاسەتی ئێرانە، کە هەژموونی خۆی و نینۆکی خستووەتە ناو هەموو جومگەکانی حوکمڕانی لە عێراق".

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا داوا لە دادگای فیدراڵی دەکەن سەربەخۆی خۆی بپارێزێت و نەبێتە ژێردەستەی هیچ وڵاتێک، هاوکات یەکێتی ئەوروپا داوا لەبەغدا و هەولێر دەکات رێز لە پێکهاتەکان بگرن.