یەکێتی ئەوروپا داوا لە دادگای فیدراڵی عێراق دەکات سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت

K24 – برۆکسل:

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا داوا لە دادگای فیدراڵی عێراق دەکەن سەربەخۆی خۆی بپارێزێت و نەبێتە ژێردەستەی هیچ وڵاتێک، هاوکات یەکێتی ئەوروپا داوا لەبەغدا و هەولێریش دەکات رێز لە پێکهاتەکان بگرن.

کوردستان24 بەدواداچوون دەکات و هەڵوێستی فەرمی یەکێتی ئەوروپا لەبرۆکسل وەردەگرێت دەربارەی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی عێراق لەدژی هەرێمی کوردستان دەریان دەکات.

پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "گرنگە ئەکتەرەکان بە گفتوگۆ کێشە و جیاوازییەکانیان چارەسەر بکەن، یەکێتی ئەوروپا لە عێراق دەبێت بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە، بەوپەڕی رێزگرتن لە سەروەری وڵاتەکە و ئەو کێشانەی پەیوەستن بە کاروباری ناوخۆیی".

ناوبراو گووتی: "هاتووم بۆ ناو پەرلەمانی ئەوروپا، لەگەڵ پەرلەمانتارێک قسە دەکەم چەند خولێک ئەندام بووە و شارەزای زۆری هەیە لەسەر کێشەکانی عێراق و هەرێم،  بەروونی دیارە دادگای فیدراڵی عێراق سەربەخۆ نییە و کەوتووەتە ژێر هەژموونی ووڵاتێک و رێز لەکەمینەکان ناگرێت".

لەلایەکی دیکەوە  فرانک سشواڵبا، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، ئاماژەی بەوەدا، "لەو بڕیارانەی دەدرێن دەبێت نەک تەنیا سەرنج لەسەر زۆرینە بێت، بەڵکو مافی پێكھاتەكان بپارێزرێن، پێموایە ئەو بڕیارانەی لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق دەدرێن، بەو شێوەیەنین".

گوتیشی: دادگە دەبێت سەربەخۆ بێت، نابێت وڵات و حکومەتێک کاریگەری لەسەر بڕیاری کۆتایی دادگە هەبێت، یەکێتی ئەوروپا بە هەموو شێوەیەک یارمەتی عێراق دەدات.

لەڕێگای هەرسێ دەزگای نێردەی یەکێتی ئەوروپا لەعێراق، فەرمانگەی سیاسەتی دەرەوە ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا کە لیژنەی تایبەت بەکاروباری عێراقی هەیە، هەمووان پێکەوە کاردەکەن بەکۆکردنەوەی زانیاری ئامادەکردنی راپۆرت و بەمەش  ئاگاداری تەواوی قەیرانەکانی عێراقن.

رۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراببون، کۆبووەوە.

لە دانیشتنەکەدا دادگای فیدراڵی دژی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، هاوکات ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لە 111ـەوە کەمکرایەوە بۆ 100 کورسی.

لای خۆیانەوە پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە کورسی کۆتاکان دەربڕی و بڕیارەکە رەتدەکەنەوە.

هاوکات بڕیارەکەی دادگا بە سیاسی دەزانن و جەختیش لە گەڕانەوەی مافەکانیان دەکەنەوە.