کەنەدا هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی ئۆنروا دەستپێدەکاتەوە

ئاژانسی پەنابەرە فەڵەستینییەکان (ئۆنروا)
ئاژانسی پەنابەرە فەڵەستینییەکان (ئۆنروا)

K24 - هەولێر

کەنەدا بڕیاریدا جارێکی دیکە هاوکارییە مرۆیی و داراییەکانی بۆ ئاژانسی ئۆنراو دەستپێبکاتەوە و هۆکارەکەش بۆ "ئەو کارەساتە مرۆییەیە" دەگەڕێنێتەوە کە لە غەززە هەیە.  

ئەحمەد حوسەین، وەزیری پەرەپێدانی کەنەدا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای مانگێک لە راگرتنی هاوکارییەکانیان بۆ ئاژانسی پەنابەرە فەڵەستینییەکان (ئۆنروا)، بڕیاریانداوە هاوکارییەکانیان بۆ ئەو ئاژانسە دەستپێبکەنەوە.

وەزیری پەرەپێدانی کەنەدا باسی لەوەش کرد، هۆکاری پشت دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکانیان بۆ ئۆنروا، "ئەو کارەساتە مرۆییەیە کە لە غەززە هەیە".

کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئیسرائیل ژمارەیەک کارمەندی ئاژانسی ئۆنروای بە هاوکاریکردنی چەکدارانی حەماس تۆمەتبارکرد، گوایە بەشێک لە کارمەندانی ئاژانسەکە لە هێرشەکانی (7ی ئۆکتۆبەری 2023)ی سەر ئیسرائیل هاوکاری حەماسیان کردووە. بەم هۆیەوە 15 وڵاتی جیهان پشتیوانییە دارایی و مرۆییەکانیان بۆ ئاژانسەکە راگرت.

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری پەنابەرانی فەڵەستنی ناسراو بە "ئۆنروا" لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین لە ساڵی 1948 دامەزراوە، ئەرکی هاوکاریکردنی فەڵەستینییەکانە لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین، کەرتی غەززە، ئوردن، سووریا و لوبنان لە کەرتی پەروەردەیی و تەندروستی.