تورکیا شەش کەسی بەتۆمەتی فرۆشتنی زانیاری بە مۆساد دەستگیرکرد

K24 - هەولێر

دوێنێ هەینی، دادگای تورکیا بڕیاریدا شەش کەس زیندانی بکات، بە تۆمەتی فرۆشتنی ئەو زانیاریانەی کە لە ناوخۆی تورکیادا بەدەستیان هێناوە و بە دەزگای هەواڵگری نۆسادی ئیسرائیلیان فرۆشتووە.

ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاویکردەوە، دادگای دادوەری تاوانەکان لە ئیستانبوڵ، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ شەش کەس دەرکرد، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانیان بوو لەلایەن داواکاری گشتییەوە.

ئاژانسەکە روونیشیکردەوە، هەمان دادگا بڕیاریدا بە ئازادکردنی کەسێک کە لەگەڵ ئەو شەش تۆمەتبارەدا دەستبەسەر کرابوو، هاوکات چاودێریی دادوەری بەسەریدا سەپێندراوە.

رۆژی 5ـی ئادار، دەسەڵاتدارانی تورکیا حەفت کەسیان بە تۆمەتی کۆکردنەوە و فرۆشتنی زانیاری بۆ مۆساد دەستگیرکرد.

ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکەش بە هاوکاری نێوان دەزگای هەواڵگری تورکیا و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵ ئەنجامدراوە.