ئۆنروا: ئیسرائیل ئەشکەنجەی کارمەندەکانمانی داوە تا دان بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حەماس بنێن

رێکخراوی کاروباری پەنابەرە فەڵەستینییەکان ناسراو بە "ئۆنروا"
رێکخراوی کاروباری پەنابەرە فەڵەستینییەکان ناسراو بە "ئۆنروا"

K24 - هەولێر

رێکخراوی کاروباری پەنابەرە فەڵەستینییەکان ناسراو بە "ئۆنروا" لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئیسرائیل ئەشکەنجەی کارمەندەکانیانی داوە تا دان بەهەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حەماس بنێن.

لە راگەیەندراوێکدا ئۆنروا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێک لەو کارمەندانەی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە حەماسەوە دەستگیرکرابوون و ئێستا ئازادن، ئەشکەنجەدراون و ناچارکراون بڵێن پەیوەندییان لەگەڵ حەماس هەبووە.

ئەو رێکخراوەی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو دەستدرێژییانەی کراونەتەسەر کارمەندەکانیان کردوویانن بە بەڵگەنامە و رادەستی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێن، تا لێپرسینەوە لە ئیسرائیل بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئیسرائیل ژمارەیەک کارمەندی ئاژانسی ئۆنروای بە هاوکاریکردنی چەکدارانی حەماس تۆمەتبارکرد، گوایە بەشێک لە کارمەندانی ئاژانسەکە لە هێرشەکانی (7ی ئۆکتۆبەری 2023)ی سەر ئیسرائیل هاوکاری حەماسیان کردووە. بەم هۆیەوە 15 وڵاتی جیهان پشتیوانییە دارایی و مرۆییەکانیان بۆ ئاژانسەکە راگرت.

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری پەنابەرانی فەڵەستنی ناسراو بە "ئۆنروا" لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین لە ساڵی 1948 دامەزراوە، ئەرکی هاوکاریکردنی فەڵەستینییەکانە لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین، کەرتی غەززە، ئوردن، سووریا و لوبنان لە کەرتی پەروەردەیی و تەندروستی.