ئێران بەهۆی سەماکردنەوە دوو ئافرەتی دەستگیرکرد

K24 - هەولێر

بەرپرسانی ئێران دوو ئافرەتی گەنجی دەستگیرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو دوو گەنجە گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە کە لەشوێنێکی گشتی سەما دەکەن.

لە چەند رۆژی رابردوو، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوویەوە، کە دوو ئافرەتی گەنج لە گۆڕەپانی "تەجریش" کە شوێنێکی قەرەباڵغ و بازاڕکردنە سەما دەکەن.

ئاژانسی "تەسنیم"ـی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، "داواکری گشتی تاران فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو دوو ئافرەتە دەرکردووە بە تۆمەتی پێشێلکردنی بنەما کۆمەڵایەتییەکان، سەمایان لەو شوێنە کردووە".

ئێرانییەکان بەهۆی هاتنی سەری ساڵی نوێی هەتاوی و نەورۆز کە لە 20ـی ئادار دەستپێدەکات، خۆشی خۆیان دەردەبڕن، هەروەها لە یاساکانی ئێران سەما کردنی تێکەڵ یان سەماکردنی ئافرەت لەشوێنی گشتی قەدەغەیە.