شۆڕش ئیسماعیل: تا ساڵی 2026 هێزەکانی 70 و 80 نامێنن

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە ئەمەریکا دەستخۆشی لە هەوڵکان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا، هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتەکانی پێشمەرگە و بەرگری ئەمەریکا دورمەودا و ستراتیژین.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بۆ هەمووانی کوردستان24، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن رایگەیاند، سەردانەکە لە کاتێکی زۆر پێویستدابوو، "ئەوەی هەستمان پێکرد ئەوەبوو کە گەلی کوردستان پشتیوانییەکی زۆری لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە هەیە.

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند، بەرپرسانی ئەمەریکا هەموویان بە گرنگییەوە باسیان لە رۆڵی پێشمەرگە دەکرد و، دڵنیاییاندا کە هێزی پێشمەرگە هێزێکی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە، بۆیە واشنتن بەردەوام دەبێت لە ناردنی هاوکارییەکان بۆ ئەو هێزە.

شۆڕش ئیسماعیل، باسی لەوەکرد، ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە گرنگییەوە باسیان لە خەبات و ئازایەتی گەلی کورد کرد، ئەمەریکا پشتیوانی لە سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکات و هانی عێراقیش دەدات کێشەکانی لەگەڵ ئەو هەرێمە بە ئاشتییانە چارەسەر بکات.

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، گوتی: وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دڵناییاندا لە بەردەوامی ناردنی هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە، هاوکات دەستخۆشیان لە هەنگاوەکان کرد بە ئامانجی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و، دوا کاتیش بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان مانگی 9ـی ساڵی 2026 دیاریکراوە.

شۆڕش ئیسماعیل، جەختی لەوەشکردەوە، ئەمەریکا بەلایەوە گرنگە کورد یەکگرتوو بێت، هەروەها دەبێت پارتی و یەکێتی ناکۆکییەکان بەلاوە بنێن و بۆ ئەوەی بە هاوبەشی رووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق لە بەرامبەر هێزی پیشمەرگە دەستووری پێشێل کردووە، تا ئێستا یەک دینار و یەک فیشەکی بۆ هێزی پیشمەرگە نەناردووە.

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پەیوەندییەکانی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و بەرگری ئەمەریکا، گوتی: پەیوەندییەکانی نێوانیان دوورمەودا و ستراتیژین.

شۆڕش ئیسماعیل، لەبارەی پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتی پیشمەرگە، ئاماژەی بەوەدا، پلە بەرزکرنەوە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و نەوەستاوە.

رۆژی پێنجشەممە (29ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لە پێنتاگۆن، لەگەڵ ساشا بەیکەر، بریکاری وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سێلست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی ئامادەی بوو، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی پاراستنیی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی پشتیوانیی و هارکاریکردنی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و تیرۆر بەگشتی.

پشتگیریکردنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.