نەوزاد شێخ کامیل: ئه‌وانه‌ی له‌ ره‌مه‌زاندا نرخ زیاد ده‌كه‌ن سزا ده‌درێن

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هەر کەسێک لە مانگی رەمەزان نرخی کاڵاکان بەرز بکاتەوە و هەر سەرپێچییەکی دیکە ئەنجام بدات لە رێگەی رێنماییەکانیانەوە بە سێ سزاوە رووبەرووی دەبنەوە بە سزای ماددی بێت یاخود داخستنی شوێنەکە.

بە هۆی هاتنی مانگ پیرۆزی رەمەزان لێژنەکانی چاودێری بازاڕ، چالاکییەکانیان بۆ چاودێریکردنی نرخی کاڵا خزمەتگوزارییەکان چڕ کردووەتەوە. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێویستە بازرگانان ئەو کاڵایەنەی کە دەیخەنە بازاڕەوە کوالێتی باش بێت و ماوەبەسەرچوو نەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، هەر کەسێک لە مانگی رەمەزاندا نرخی کاڵاکان بەرز بکاتەوە و هەر سەرپێچییەکی دیکە ئەنجام بدات لە رێگەی رێنماییەکانیانەوە بە سێ سزاوە رووبەرووی دەبنەوە بە سزای ماددی بێت یاخود داخستنی شوێنەکە.

نەوزاد شێخ کامیل، گوتی: لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دەکرێت بۆ هاووڵاتییان، هاوکات چوار جۆری خۆراک بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز زیاد کراوە، کە برتییە لە؛ شعرییە، نیشاستە، ئاردی سفر و مەعکرۆنی.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە، کە کاڵایەکی زۆر وەک بەشەخۆراک لە کۆگاکان هەن، هەروەها دابەشکردنی بەشەخۆراک بەردەوام دەبێت و ناوەستێت، گوتیشی: "هەر بارودۆخێکی چاوەڕواننەکراو بێتە پێشەوە توانای ئەوەمان هەیە تا شەش مانگ پێداویستی بازاڕ دابین بکەین".