ئۆکرانیا هێرشی کردووەتە سەر بێلگۆرۆدی رووسیا و هێڵەکانی کارەبای پچڕاندووە

وێنە، رۆیتەرز "بێلگۆرۆد"
وێنە، رۆیتەرز "بێلگۆرۆد"

K24- هەولێر

بەپێی ئاژانسی هەواڵی "تاس"ـی رووسیا، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئۆکرانی چوار بۆمبی لە ناوچەی بێلگۆرۆدی رووسیا فڕێداوە و هێڵەکانی کارەبایان لە چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوون تێکداوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12-3-2024، پارێزگاری بێلگۆرۆد، ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، لە پلاتفۆرمی تێلێگرامەوە بڵاویکردەوە، سوپای ئۆکرانیا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی بێلگۆرۆد و چوار بۆمبیان خستووەتە خوارەوە.

ئەوەشی خستەڕوو: "هیچ ڕاپۆرتێک لەبارەی زیانی گیانی نەبووە، بەڵام هێڵەکانی کارەبا زیانیان بەرکەوتووە".

رۆژی شەممەی رابردوو، وەزارەتی بەرگری رووسیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی مووشەکێکی لە کۆمەڵگەی "ئەسکەندەر-ئێم"ەوە بڵاوکردەوە کە لە ناوچەی پۆکرۆڤسکی هەرێمی دۆنێتسکدا سیستەمی پاتریۆتی ئەمەریکای لە ئۆکرانیا لەناو بردووە.

لە شوباتی ساڵی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد، بەدەیان هەزار سەرباز و خەڵکی سڤیل کوژران و بریندار بوون، تاوەکو ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە.