چیایی ته‌یموور: ئامانج له‌ ناردنی مووچه‌ به‌شێوه‌ی به‌ش به‌ش لاوازكردنی قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانه‌

چیایی ته‌یموور، په‌رله‌مانتاری عێراق
چیایی ته‌یموور، په‌رله‌مانتاری عێراق

K24 - هەولێر:

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق مووچه‌ی داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌ی به‌ش به‌ش  ده‌نێرێت، هاوكات په‌رله‌مانتارێك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات پێچه‌وانه‌ی یاسای بودجه‌یه‌ و ئامانجیان لاوازكردنی قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانه‌.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 12ـی ئاداری 2024) چیایی ته‌یموور، په‌رله‌مانتاری عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق له‌ ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان مه‌به‌ستیه‌تی گرفتی رژد بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست بكات و درز بخاته‌ نێوان هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ته‌كه‌یان و نێوان خودی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و تێكدانی قه‌واره‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ی.

چیایی ته‌یموور ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، مه‌به‌ستیانه‌ پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی ده‌ستووری و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات لاواز بكه‌ن و ئامانجیانه‌ له‌ كۆتاییدا هه‌رێمی كوردستان نه‌هێڵن.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق باسی له‌وه‌ش كرد، به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان‌ به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ یاسای بودجه‌دا هاتووه‌، ده‌بێت 12.67% بێت و له‌ كۆی دوو سه‌د تریلیۆن، ده‌كاته‌ 17 ترلیۆنی دیناری عێراق، كه‌ مانگانه‌ ده‌كاته‌ ترلیۆنێك و 500 ملیار دینار، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا ناردوویانه‌ به‌تایبه‌تی 700 ملیاره‌كه‌ به‌ قه‌رز بووه‌ و دوو جاریش 618 میلیاریان ناردووه‌، له‌ كاتێكدا مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ 900 ملیار دیناری مانگانه‌ زیاتره‌.

دوای کاتکوشتنێکی زۆر بەپاساوی پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەرئەنجام وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی نارد، بەڵام بەشێوەیەک سەیر و دوور لە دەقەکانی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق، ئەویش ناردنی پارەیە بە شێوەی بەش بەش.

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، بە چوار لیست بڕیی نزیکەی 568 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان.

چوار لیستەکەی عێراق بەم شێوەیەن: خانەنشینی مەدەنی و سەربازیی، تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، کەسوکاری شەهیدان لەگەڵ 37 وەزارەت و دەستە. هاوکات حکومەتی ناوەندی هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی هەرێم نەناردووە.