عه‌بادی: چوار ساڵ بەس نییە بۆ تەواوکردنی بەرنامەی حکومەت
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر رایده‌گه‌یه‌نێت، ماوەی چوار ساڵ بەس نییە بۆ تەواوکردنی بەرنامەی حکومەت و ئه‌و پڕۆژانه‌ی ده‌ستی پێكردووه.
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، كاتێك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بووه، وڵاتی لە کێشەی گه‌وره‌ی ئابووری رزگار کرد و دژی هەنگاوی دابه‌زینی دیناری عێراقی بوو لە حکومەتی پێشوودا، سەرەڕای ناڕەزایی هەندێک لە هێزە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەدا بووه پاڵپشتی دینار بکرێت لە حکومەتی سوودانی.
عه‌بادی ده‌شڵێت، ماوەی چوار ساڵ بەس نییە بۆ تەواوکردنی بەرنامەی حکومەت، چونكه به‌و ماوه‌یه ئه‌و پڕۆژانه‌ی راگه‌یه‌ندراوه ناتوانێت وه‌ك پێویست ئه‌ركه‌كانی تەواو بکات.
له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دوا نەخرێت، چونکە بەرژەوەندی وڵات لە پۆستەکان گه‌وره‌تره.
پێشتریش حه‌یده‌ر عه‌بادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر به كوردستان24ـی راگه‌یاندبو، نابێت کێشە و پێویستییەکانی خەڵک بە سیاسیی بکرێن و پێویسته هاووڵاتییان لە هەر کوێیەکی عێراق بن بە هەمان شێوەی هاووڵاتییانی دیكه مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ساڵی 2014 تاكو ساڵی 2018 سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا عێراق دووچاری چه‌ندین گرفتی سیاسی و سه‌ربازی بووه‌ته‌وه، دیارترینیان بڕینی مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و هێرشی سوپای عێراق بۆ سه‌ر شاری كه‌ركووك له 16ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017.