محەممەد شاکر: زۆرینەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نادەستوورین

محەممەد شاکر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق
محەممەد شاکر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆککۆماری عێراق دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بڕیاری نادەستووری رەتبکاتەوە، بەڵام خۆی ئەو دەسەڵاتەی بەخۆی نەداوە.

محەممەد شاکر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، دادگای فیدراڵی لە دوای 2021 کۆمەڵێک بڕیاری سیاسی دەرکردووە، کە پێچەوانی دەستوورن، لەم حاڵەتەشدا دەبێت سەرۆککۆماری عێراق هەڵوێستی هەبێت.

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق، راشیگەیاند، لە ماددەی 67ـی دەستووردا هاتووە کە سەرۆککۆماری چاودێری دەستوورە، واتە ئەو مافەی هەیە ئەگەر بڕیارێک دژی دەستوور بوو رەتی بکاتەوە، بەڵام خودی خۆی ئەو دەسەڵاتەی نەداوە بەخۆی.

محەممەد شاکر، ئاماژەی بەوەدا، دادگای فیدراڵی دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی عێراق پێشێل کردووە، هەروەها ئێستا ئەو دادگایە رۆڵی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی گرتووەتەوە، لە هەندێک حاڵەتی دیکەشدا شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە.

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، راستە عێراق دەوڵەتێکە بەڵام خاوەن سەروەریی نییە، سوودانی مەبەستێتی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکات، بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی نییە.

محەممەد شاکر، حکومەتی عێراق ئەنفالی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن لە رێگەی بڕنی قوتی خەڵکەکەی، کە ئەمە بە هیچ شێوازێک ماییەی قبوڵ نییە.

ناوبراو گوتیشی: "دەسەڵاتدارانی عێراق مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە عێراقی دانانێن بۆیە مووچەیان بۆ نانێرن، بەڵام کە هەوڵی جیابوونوەش دەدەیت لە عێراق قبوڵیان نییە و هەر جارە و بیانووێکمان پێدەگرن".