عارف روشدی: نابێت سەرۆککۆمار ئەو پێشێلکارییە دەستوورییانە قبوڵ بکات

K24 - هەولێر

راوێژکارێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەو حکومەتە لە رووی یاساییەوە درێژە پێدەری حکومڕانییەکانی تری عێراقە، ئایا ئەو هەمو رەفتارە نادەستووری و پیشێلکارییە لە دەزگایەک بەناوی دادگای فیدراڵی دەکرێت، نابێت ئەو سەرۆککۆمارە بێتەوە هۆشی خۆی و بڵێ بوەستن.  

عارف روشدی، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو حکومەتە لە رووی یاساییەوە درێژە پێدەری حکومڕانییەکانی تری عێراقە، ئەوەی ئەوان کردوویانە دژی ئەو شارە دەبێت بچنە ژێر بەرپرسیارەتییەوە و بێن گرفتەکانی هەڵەبجە چارەسەر بکەن، بەڵام بەداخەوە هەڵگرانی ئەو بیرەی کە هەڵەبجەیان کیمیاباران کرد، بەردەوامیان لە حکومڕانی عێراقدا هەیە.

روشدی گوتیشی: هەمیشە ئێمە ئەڵێین گرفتی عەقلیەتمان لەگەڵ عێراق هەیە، چونکە ئەو هەموو ستەمەی کردوویانە بەنیازن ستەمێکی دیکەمان لێبکەن،" ئەگەر حکومەتی سەدامی باپیریان هەڵەبجە و شوێنەکانی دیکەی کوردستانی کیمیاباران کردووە، ئێستا ئەوان دێن هەموو گەلی کوردستان کیمیاباران دەکەن"، ئایا بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران کیمیابارانکردن نییە؟ بۆیە هەرگیز لەوباوەڕەدا نەبن هیچ حکومەتێکی عێراق ئەوتاوانە بە تاوان بزانێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بۆیان بکرێت زۆر لەسەردەمی سەدام خراپتر رەفتارمان لەگەڵ دەکەن، ئەوەتا چەند ساڵێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەپارێزگا بوونی بۆ هەڵەبجەو دەرکردووە، وە پێویستی بە رەزامەندی پەرلەمانی عێراق و دەسەڵاتی بەغدایە بەڵام دەستی دەستیمان پێدەکەن ئەوەش شەرمەزارییەکی گەورەیە. ئەگەر بیانەوێت کەمێک رووی خۆیان سپی بکەن دەبێت بەزووی بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند بکەن.

جەختیشیکردەوە، هەموو بڕیارەکانیان سیاسی توندڕەوانەن، ئەوانەی کوردیان قەبوڵ نییە، بۆیە حەزدەکەم خەڵک لەو راستییە تێبگات ئەوەی ئێستا دەیکەن نانبڕین نییە، بەڵکو ئەوان  کوردییان قەبووڵ نییە، هەرچەند ئەوان زمان و خاکی ئێمەیان داگیر کردووە.

روشدی راشیگەیاند، "خۆزگە نوێنەرمان لە بەغدا نەبووایە، ئەوان چ کارەن؟ ئەو سەرۆککۆمارەی بەناوی کوردەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە لەکوێیە؟ ئایا ئەو هەمو رەفتارە نادەستووری و پیشێلکارییە لە دەزگایەک بەناوی دادگای فیدراڵی دەکرێت، نابێت ئەو سەرۆککۆمارە بێتەوە هۆشی خۆی و بڵێ بوەستن". دەشڵێت: "ئەو سەرۆککۆمارە ئەگەر هەستی کوردانەی هەبوایە، دەبوا بهاتبایەوە ماڵی خۆی. ئەگەر ئەوکارەی بکردبوا گەورەترین کێشەی سیاسی بۆ بەغدا دروست دەکرد".