وەزیری خوێندنی باڵا کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە راگەیاند

ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، فەرمانی دەرکردووە و لەمڕۆوە زانکۆی هەڵەبجە دەبێتە خاوەن کۆلێژێکی پزیشکی زۆر باش. ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا وەکو پێویست قەرەبووی خەڵکی هەڵەبجە نەکراوەتەوە".

ئەمڕۆ شەممە، 16-03-2024، لە کاتی بەڕێوەچوونی پانێلێک لە زانکۆی هەڵەبجە، بەبۆنەی 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی چەند پرسێکی کرد.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتی، "بەداخەوە تاوەکو ئێستا وەکو پێویست قەرەبووی خەڵکی هەڵەبجە نەکراوەتەوە. لە دوای رزگارکردنی عێراق و لەناوچوونی رژێمی دیکتاتۆری بەعس، دەبووایە دەسەڵاتدارانی عێراق جیددیتر بن لە قەرەبووکردنەوە و بەجینۆسایدناساندنی هەڵەبجە".

ئارام محەممەد قادر ئاماژەی بەوەش کرد، "دەمەوێت ئەو موژدەیە بە هەموو لایەک رابگەیەنم، ئەمڕۆ فەرمانی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە رادەستی سەرۆکی زانکۆکە دەکەم و لەمڕۆوە زانکۆکە دەبێتە خاوەن کۆلیژێکی پزیشکی. داوا لە خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هاوکارمان بن بۆ ئەوەی زانکۆی هەڵەبجە ببێتە زانکۆیەکی زۆر باش و خاوەن کواڵێتییەکی بەرز".

36 ساڵ بە سەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ شەممە (16ی ئاداری 2024)، 36 ساڵ بە سەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت، کەچی دوای 13 ساڵ لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانی کیمیابارانەکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق وەک میراتگری رژێمی پێشوو ئامادە نەبووە قەرەبووی قوربانیان بکاتەوە.

رۆژی 16ی ئاداری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری شارەکەیان بە گازی کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە دە هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە گرفتارن.

 بەگوێرەی ئامارەکان %68ی قوربانییەکان تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵەوە بوونە، لە دوای کیمیابارانەکە لە کۆی 216 گوند 198 گوندیان بە تەواوی وێرانکران، سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشتی ناوچەکە بە رێژەی %100 زیانی پێگەیشت.

هەروەها بەهۆی کۆڕەوی هاووڵاتییان بۆ رزگاربوون لەو گازە کوشندەیە و پەنابردنە خۆرهەڵاتی کوردستان و ئێران 211 منداڵی 74 خێزان ونبوون، کە ژمارەیەکی کەمیان بە خێزانەکانیان شادبوونەتەوە.

دوای زیاتر لە سێ دەیە 900 لە بریندارەکان هێشتا کاریگەری گازە کیمیاییەکانیان لەسەر ماوەو رێژەی لە بارچوونی کۆرپەلە 14 هێندەی حاڵەتی ئاسایی زیادی کردووە بەهۆی کاریگەرییەکانی کیمیابارانەکەوە، هاوکات نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی قۆڵۆن 10 هێندە و نەخۆشییەکانی دڵ 4 هێندە لە نێو دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتربوونە، ئەمە جیا لەوەی کاریگەری لە کیمیابارانەکەدا بەکارهێنران راستەوخۆ کاریگەریان لە سەر کۆئەندامی هەناسەدان و نەخۆشییەکان پێست و چاو هەبوو، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکی زۆری بریندارەکان چاری بەردەوام وەردەگرن.

رۆژنامەى "دی تاگستایتونگ"ـی ئەڵمانی، لە (17ی کانوونی یەکەمی 2002)دا لە بەگوێرەی راپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە، زیاتر لە 158 کۆمپانیای جیھانی بەڕێگەی نایاسایی هاوکاری رژێمی بەعسیان داوە، بۆ بەدەستھێنانی کەرەستەی جەنگی جۆراوجۆر بە چەکی  کیمیایی و بایلۆژییەوە.