ساڵانە بە بەهای دوو ملیار دۆلار کەلوپەلی ناو ماڵ بە قاچاغ ئاودیوی ئێران دەکرێت

بازاڕی کەلوپەلی ناو ماڵ لە ئێران
بازاڕی کەلوپەلی ناو ماڵ لە ئێران

K24 - هەولێر

سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی کەلوپەلی ناو ماڵ لە ئێران ئاشکرای کرد، لە ساڵی ڕابردوودا بە بەهای دوو ملیار دۆلار کاڵای قاچاغ لە ناو ئێراندا فرۆشراوە، ئەمە لە کاتێکدایە بەهای گشتی بازرگانیی ئێران لەو کەرتە حەوت ملیار دۆلارە.

ئومێد فازڵی ئاشکراشی کرد ئێران لە ساڵی ڕابردوودا بە بەهای چوار سەد ملیۆن دۆلار کەلوپەلی ناوماڵی هەناردەی دەرەوە کردووە، کە دەکاتە ئەمە یەک لە پێنجی ئەو کەلوپەلانەی بە قاچاغ هێنراونەتە ناو بازاڕەکانی ئێران.

فازڵی ئاماژەی داوە، ئەم ساڵ ڕێژەی هەڵئاوسان 50%بووە، جگە لەمەش گۆڕان لە نرخ ڕوویداوە، هاوکات ڕێژەی سووی بانکی بۆ بەرهەمێنەران 42.5% بووە، ئەمانەش هۆن بۆ بەرزبوونەوەی نرخ و کەمبوونەوەی خواست لە سەر کەلوپەلی بەرهەمی ناوخۆیی، هەروەها دانەوەی قەرزەکانی بانکیش بارگرانییەکی زۆر بۆ بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی دروست دەکات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 2018ـەوە بە فەرمی هاوردەکردنی کەلوپەلی ناوماڵی قەدەغە کردووە، بۆ ئەوەی خواست خەڵکی وڵاتەکە بخاتە سەر بەرهەمی ناوخۆیی، بەڵام ئێرانییەکان بە هۆی خراپیی کوالێتیی و بەرزی نرخەوە خواستیان کەمترە لە سەر بەرهەمی ناوخۆیی و بە پێچەوانەوە بەهۆی نزمی نرخەوە زیاتر خواستیان لە کڕینی کەلوپەلە دەرەکییەکانە.