کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستی بەرەو دەریای ژاپۆن هەڵدا

ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ

K24 - هەولێر

سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند دوێنی دووشەممە، کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستیکی دیارینەکراوی بەرەو دەریای ژاپۆن هەڵداوە.

ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ لە زاری سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستی دیارینەکراوی بەرەو دەریای ژاپۆن هەڵداوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

ئاژانسی کۆریای باشوور گوتیشی: "ئەمە دووەم مووشەکی بالیستییە کە لەلایەن پیۆنگیانگەوە لە ساڵی 2024 کە دروستکراوە هەڵدراوە."، ئەوەش دوای ئەوەی لە 14ـی کانوونی دووەم مووشەکێک هەڵدرا، بە کڵاوەی جەنگیی هایپەرسۆنیکی تەیار کرابوو.

تاقیکردنەوەی مووشەکەکە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە سیئۆل و واشنتۆن کۆتاییان بە مانۆرە ساڵانە بەرفراوانەکەی "قەڵغانی ئازادی" هێنا، ئەویش بریتی بوو لە مەشقی ڕێگریی لە مووشەک و هێرشە ئاسمانییەکان. ژمارەی هێزە بەشداربووەکان بە بەراورد بە ساڵی 2023 دوو هێندە بوو.

لای خۆیەوە، کۆریای باکوور پێشتر هۆشداری دابوو، بە ئەمەریکا و کۆریای باشوور کە "باجێکی قورس" دەدەن بەرامبەر ئەو مانۆرانە، پێش ئەوەی ڕایبگەیەنێت کە سەرۆکی وڵاتەکەی، کیم جۆنگ ئون، سەرپەرشتی مانۆڕێکی تۆپخانەیی بەرفراوانی کردووە کە یەکەکانی سنوور بەشدارییان تێدا کرد"، بە دروشمی "دوژمن لە دەستماندایە".

لە سەرەتای ئەمساڵەوە پیۆنگ یانگ، سیئۆلی وەک "دوژمنی سەرەکی" پۆلێن کردووە، دەرگای  یەکگرتنەوە و گفتوگۆی نێوان کۆریای باشوور داخستووە و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر خاکەکەی، شەڕ هەڵدەگیرسێنێت "تەنانەت ئەگەر پێشێلکارییەکە بە ئەندازەی 0.001 ملم بێت.