غانم عابد: بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌بات

غانم عابد، شرۆڤه‌كاری سیاسی
غانم عابد، شرۆڤه‌كاری سیاسی

K24 - هەولێر:

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، گرووپه‌ میلیشیا شیعه‌كان به‌ پاڵپشتی ئێران شه‌ڕی ئێران و ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیلیان گواستووه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان. ده‌شڵێت، بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی وایكرد پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكات و به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاره‌كان هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت و ره‌نگه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بكشێته‌وه‌ و حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌بات.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 18ـی ئاداری 2024) غانم عابد، شرۆڤه‌كاری سیاسی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، لایه‌نێكی له‌ عێراق هه‌یه‌ مه‌به‌ستییه‌تی ئاڵۆزییه‌كانی عێراق به‌رده‌وام بن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو نراوه‌ كه‌ ئاسته‌نگی سیاسییان له‌ عێراق زیاتر كردووه‌، له‌وانه‌ش دوورخستنه‌وه‌ی محه‌ممه‌د حه‌لبووسی له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و هێشتنه‌وه‌ و به‌رده‌وامیدان به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و بایكۆتی ره‌وتی سه‌در له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و چه‌ندینی دیكه‌.

غانم عابد ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌رده‌وامی ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ له‌ عێراق، وڵات به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار ده‌بات و ته‌نانه‌ت حكومه‌ته‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاره‌تی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و گه‌ڕان به‌دوای ئاڵته‌رناتیڤی دیكه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ و دانانی كه‌سێكی دیكه‌ له‌ شوێنی سوودانی.

ناوبراو به‌ پێویستی زانی به‌ر له‌ پێكهێنانی هه‌ر حكومه‌تێكی دیكه‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌تایبه‌تی پرسی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێت و به‌ڵێن بدرێت ئه‌و كێشانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌. گوتیشی، له‌ كابینه‌ی سوودانی چه‌ندین به‌ڵێن به‌ كورد و سوننه‌ درا، به‌ڵام هیچیان جێبه‌جێ نه‌كران.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌ باسی له‌وه‌ش كرد، دادگای فیدڕاڵی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی یاسایییه‌، به‌ڵام خۆی خزاندووه‌ته‌ ناو سیاسه‌ت و بڕیاره‌ سیاسییه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك گه‌وره‌ترین پارتی كوردستان و یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین پارته‌كانی عێراق بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكات و به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاره‌كان هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت و له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بكشێته‌وه‌.

گوتیشی، سوودانی و پشتیوانه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانیان ئه‌نجام دا بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مان بدزنه‌وه‌، ئه‌وان به‌ڵێنیان به‌ كورد و سوننه‌ دا كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام خۆیان له‌ به‌ڵێنه‌كانیان دزییه‌وه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، گرووپه‌ میلیشیا شیعه‌كان به‌ پاڵپشتی ئێران شه‌ڕی ئێران و ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیلیان گواستووه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌ پاساوی بێبنه‌ما به‌ ئامانجی ده‌گرن، بابه‌تی شه‌ڕپێفرۆشتن به‌ هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌ بابه‌تی شایسته‌ داراییه‌كان گه‌وره‌تره‌.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خالەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستووری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بریاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".