دهۆک؛ دوو کەس خنکاون و پارێزگاریش داوا دەکات هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان بمێننەوە

دیمەنی لافاو لە دهۆک
دیمەنی لافاو لە دهۆک

K24 - هەولێر

لە ئەنجامی ئەو لافاوەی ئەمڕۆ لە بەشێک لە گەڕەکەکانی دهۆک هەڵساوە، زیان بەر خانووی بەشێک لە هاووڵڵاتییان کەوتووە و تا ئێستە دوو کەس خنکاون؛ پارێزگاریش داوا دەکات هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەوە، 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بووە. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵساوە، ئاو چووەتە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە ڕێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخراون.

بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک: دوو کەس خنکاون 

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی لافاوەکە دوو هاووڵاتی خنکاون و تا ئێستە تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی بە دەیان کیلۆمەتر لەگەڵ خۆی بردوونی.

وەکو ئەوەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک خستیەڕوو، "10 هاووڵاتیی دیکەش برینداربوونە و سەدان کەسیش لەلایەن تیمەکانمانەوە ڕزگارکراون و بۆ شوێنی سەلامەت گوازراونەتەوە". لەبارەی زیانە ماددییەکانیش، گوتی: "بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، زیان بە زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێل و سەدان خانووی هاووڵڵاتییان لە گەڕەکە جوداکانی دهۆک گەیشتووە". 

بێوار عەبدولعەزیز ئاماژەی بەوەشکرد، "تیمەکانمان لە ئامادەباشیی تەواودان و لە هەر شوێنێک بزانین پێویستیان بە هاوکاریی ئێمە هەیە فریایان دەکەوین و هەوڵدەدەین کەمترین زەرەر و زیان بەر هاووڵاتییانمان بکەوێت. سوپاسی خەڵکی خۆشمان دەکەین کە زۆر لەگەڵمان هاوکارە".

پارێزگاری دهۆک بۆ هاووڵاتییان: بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، لە ماڵەکانتان نەچنە دەرەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 19-03-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە هاووڵاتییانی پارێزگاکەی کرد بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە و لە ماڵەکانیان بمێننەوە. هاوکات داواشی کرد هاووڵاتییان لەو شوێنانە دوورکەونەوە کە مەترسیی هەڵسانی لافاویان لێیە.

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرینەی ماڵەکان لە گەڕەکەکانی هشکەڕوو، بەڕووشكێ و ئەو شوێنانەی مەترسیی هەڵسانی لافاویان لەسەرە، چۆڵکراون و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی توانیویانە سەدان هاووڵاتی کە گیریان خواردبوو، ڕزگار بکەن. گوتیشی: "ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان دەکرێت".

بەسەرکردنەوەی شوێنە زیانلێکەوتووەکان

بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی هاووڵاتییان؛ ئەمڕۆ سێشەممە، 19-03-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەگەڵ ژمارەیەک بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان سەردانی ڕێگەی سەرەکی لە نزیک دادگای دهۆک و گەڕەکی بەڕووشکی لەسەر ڕووباری هشکەڕوو لە نزیک قوتابخانەی بەڕووشکێی بنەڕەت و چەند شوێنێکی دیکەی شارەکەی کرد کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای دهۆک، پارێزگار فەرمانی بە هەموو بەڕێوەبەرانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کرد ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی زیانەکان، بکرێت. هاوکات داواشی لە هاووڵاتییان کرد، بۆ کاری پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە.  

هەر ئەمڕۆ و دوای هەڵسانی لافاوەکە، تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری مرۆیی و ماددییان گەیاندە هاووڵاتییە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی شاری دهۆک و شوێنی مانەوەیان بۆیان دابین کرد.

پەیوەندییە تەلەفۆنەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری ناوخۆ

ئەمڕۆ سێشەممە، 19-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە کرد و داوای کرد "ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە زووترین کاتدا بکرێت".

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای دهۆکدا هاتووە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکارییەکی بەپەلە و پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە دهۆک و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.

پارێزگای دهۆک لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەسەر هێڵە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاوەکە و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.

لە هەولێر و سلێمانی ڕێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاوەکە گیراونەتەبەر

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێریش لە ڕاگەیەندراوێکدا هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، لە کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تاکوو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە، بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و نزیکى ڕووبار و ئەو شوێنانەش نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە و ئاگاداری سه‌لامه‌تیی خۆیان بن، هەموو ئەو ڕێگا و شوێنانەشی کە پێشتر لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداریان سەبارەت بڵاوکراوەتەوە، ئوتۆمبێلەکانیان ڕانەگرن و بەکاریان نەهێنن.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، سەرجەم هاووڵاتییان و شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، لە ڕۆژی چوارشەممە، 20ـی ئاداری 2024، بەهۆی ناجێگیریی کەش و هەوا، داوا لە شۆفێران دەکەن خۆیان لەو شوێنانە بە دوور بگرن کە ئەگەری پەنگخواردنەوەی ئاویان لێ هەیە، هەروەها لە پێناو سەلامەتی گیانی خۆیان نەچنە ناوچە شاخاوییەکان.