"ئەڵقەیەكی نوێی زنجیرە كۆمێدییەكەی یانەی سالێرنیتانا"

ئینزاگی و لیڤرانی دوو راهێنەرەكەی پێشووی یانەی سالێرنیتانا
ئینزاگی و لیڤرانی دوو راهێنەرەكەی پێشووی یانەی سالێرنیتانا

یانەیەكی سێریا ئەی ئیتاڵیا بووەتە بابەتی گەرمی میدیایەكانی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ سێیەمین راهێنەریان لەم وەرزە دوورخستەوە، مەرجەكانی فلیپیۆ ئینزاگی بۆ گەڕانەوەی بۆ راهێنەرایەتی یانەكە ڕەتكرایەوە.
یانەی سالێرنیتانا كە ئەم وەرزە بە دۆخێكی خراپ تێپەڕ دەبێت و لە كۆی 29 یاری تەنیا 2 یاری بردووەتەوە و یانەكە لە كۆتایی ریزبەندی سێریا ئەی دێت و لە دابەزینی بۆ خولی پلەدووی ئیتاڵیا زۆر نزیكە.
فلیپۆ ئینزاگی لە سەرەتای ئەم وەرزە ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەی وەرگرت و لە كۆی 16 یاری تەنیا 2 یاری بۆ یانەكەی بردەوە و لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، دواتر فابیۆ لیڤیرانی وەكو راهێنەری نوێی یانەكە دەستنیشان كرا، ئەو راهێنەرەش ئەوەندەی دیكە دۆخی یانەكەی خراپتر كرد و دوای 5 یاری هیچ سەركەوتنێكی تۆمار نەكرد و 4 یاریی دۆڕاند و لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.
بە گوێرەی رۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵیا، ئەمڕۆ ئیدارەی یانەكە پەیوەندییان بە فلیپیۆ ئینزاگی كردووە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بگەڕێتەوە پۆستی راهێنەرایەتی یانەكە، ئینزاگی گەڕاوەتەوە راهێنانەكان و دەستبەكاربووەتەوە، بەوپێیەی 3 مانگیش لە گرێبەستەكەی پێشووی ماوە، بەڵام ئینزاگی دوو مەرجی خسووەتە بەردەم ئیدارەی یانەكە: یەكەمیان دوورخرانەوەی ساباتینی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەكە، دووەمیان نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی تا 2025.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: ئیدارەی یانەی سالێرنیتانا زۆر بەو دوو مەرجەی ئینزاگی توڕەبوونە و پێیان گوتووە: نەفرەتی تۆ كێیت تا ئەو مەرجانە لەسەر ئێمە دابنێیت، ئەوەی ئێستا لە یانەكە دەگوزەرێت بەرهەمی دەستپێكە خراپەكەی تۆیە، بۆیە تۆ ئەو مافەت نییە هیچ كەسێك ناچار بكەیت دەستلەكاربكێشێتەوە.
ئینزاگی دوای ئەوەی مەرجەكانی قبوڵ نەكراوە، هاوشانی ستافەكەی بۆ دووەمجار لەم وەرزە دەستی لەكاركێشاوەتەوە، لە بەرامبەردا كۆلانتۆنۆ راهێنەری پێشووی یانەی ئاتاڵانتا ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەی وەرگرتووە و سبەی ئەو راهێنەرە یەكەمین رۆژی راهێنانەكانی لەگەڵ یانەی سالێرنیتانا دەست پێدەكات، پێشبینی دەكرێت فرانك ریبیێری فەرەنسی وەكو یاریدەدەری دەستبەكاربێت.

كۆلانتۆنۆ راهێنەری نوێی یانەی سالێرنیتانا
كۆلانتۆنۆ راهێنەری نوێی یانەی سالێرنیتانا