سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا رەوەندی کوردی بانگهێشت دەکات

پەرلەمانی بەریتانیا
پەرلەمانی بەریتانیا

K24 – لەندەن:

بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا لە نێو پەرلەمانی بەریتانیا رێورەسمێکی بۆ هاووڵاتییانی هەر چوار پارچەی کوردستان و رەوەندی کوردی لە بەریتانیا رێکخست و تیایدا پەرلەمانتارانی پارتە جیاوازەکانی بەریتانیاش بەشداربوون.

لێندزی هۆیل، سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانجیان کۆکردنەوەی رەوەندی کورد و ئاهەنگگێڕانە بەبۆنەی هاتنی نەورۆز.

هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا گوتیشی: "ئەمڕۆ رۆژێکی خۆشە و ئامانج لێی کۆبوونەوەی خەڵکە بەیەکەوە. کۆبوونەوەی خەڵکی کوردە لە پەرلەمان. ئەمڕۆ بۆ نوێنەرایەتی کردنی خەڵکە. ئەمەش کاری هۆڵی پێشوازیکردنی پەرلەمانە، رۆژی بەهار و ئاهەنگگێڕانە. کاری من لێرە پێشوازیکردنە لە خەڵک."

زیاتر لە 90 پەرلەمانتاری پارتە جیاوازەکانی بەریتانیا لە دیدارەکە ئامادابوون، جگە لە نەورۆز باس لە بارودۆخی سیاسی کرا، یەکێک لە تەوەرەکانیش بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بوون و هەندێکیان وایدەبینن ئەم دادگایە سەربەخۆ نییە و، بڕیارەکانی دادگاکە و هێرشەکانی سەر هەولێر بە شەرمەزارییەکی گەورە ناودەبن.

بۆب سیلی، پەرلەمانتاری بەریتانیا، بە کوردستان24ـی گوت: "شتێکی بێ مانایە و هەر زۆر بێ مانایە، بەداخەوە پێموابێت دووبارە کورد لە بەرامبەر مافەکانیان لە ناوچەکەدا دەچەوسێندرێنەوە، و وایدەبینم ئەمە شەرمەیەکی گەورەیە، من داکۆکیکارێکی سەرسەختی کوردانم، بەوەی مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە".

لەلایەکی دیکەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، راگەیاند، لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا  و سەرۆکی سەنتەری ناوەندی گەشەپێدانی کورد لە لەندەن، بەشداربووین لە 'دیداری نەورۆز' لە لەندەنی پایتەخت، کە کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون.

لەلایەن خۆیەوە شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات راگەیاند، بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا و جێگرەکەی و زیاتر لە 90 پەرلەمانتاری بەریتانی و نوێنەرانی وڵاتان و کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز بەرزڕاگیرا کە ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە.

لەبارەی بانگهێشتکردنی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ پەرلەمانی بەریتانیا بۆ یادکردنەوە و ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنی نەوەرۆز، شیفا بارزانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە دۆستێکی زۆری کورد لە پەرلەمانی بەریتانیا هەیە و هیوای خواست وەک رەوەندی کوردستانی بتوانن لە ساڵانی داهاتوودا، کۆبوونەوەی فراوانتر بۆ یادکردنەوەی نەورۆز و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لە بەریتانیا رێکبخەن.

جێرمی گرینستۆک، باڵیۆزی پێشووتری بەریتانیا لە عێراق بەکوردستان24ـی گوت: پێویستە دەسەڵاتی دادوەری عێراق سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و نەکەوێت ژێر هەژموونی دەسەڵات و لایەنەکانی دیکە.

جێرمی گرینستۆک گوتی: "زۆر گرنگە لە عێراقدا کە کورد، سونە، شیعە و پێکهاتەکانی دیکەی تێدادەژی هاوسەنگی هەبێت. لە پەرلەمان و دەستووری عێراقیشدا مافیان پێدراوە، پێویستە لە پەرلەمانی کوردستانیش جێگەیان بۆ بکرێتەوە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، باڵیۆزی پێشووتری بەریتانیا لە عێراق باسی لەوەشکرد: "زۆر مەترسیدارە ئەگەر دەنگی کەمینەکان نەگات و بەداخەوەم کە دادگای فیدراڵی ئەو کورسایەنی لێوەرگرتوونەتەوە".

لەبارەی کورسی کۆتاکانەوە، جێرمی گرینستۆک ئاماژەی بەوەکرد: "لە زۆرینەی وڵاتەکان کورسی کۆتا بۆ ژنان و پێکهاتەکان تەرخانکراوە، گرنگ نییە ژمارەی کورسییەکانیان کەمبێت بەڵام پێویستە نوێنەرایەتییان هەبێت، پێویستە دەسەڵاتی دادەوەری لە عێراقدا سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و تێکەڵاوی لەنێوان دەسەڵاتەکان نەکرێت".