بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی شیعر، ڕێوڕەسمێک بۆ شاعیران ڕێک دەخرێت

سەنتەری رۆشنبیری ئاڵا، رۆژی جیهانی شیعر
سەنتەری رۆشنبیری ئاڵا، رۆژی جیهانی شیعر

K24 - هەولێر

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی شیعر سەنتەری ڕۆشنبیریی خەون، بە هاوکاریی سەنتەری ئاڵا ڕێوڕەسمێک بۆ شاعیران رێک دەخات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئاداری 2024، ئەسکەندەر زرار، شاعیر و نووسەر و یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی ماڵی کتێب بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە چاودێریی پارێزگاری هەولێر و سەنتەری ڕۆشنبیریی خەون بە هاوکاریی سەنتەری ئاڵا ڕێوڕسمی رۆژی جیهانی شیعر ساز دەکەن، تێیدا شەش شاعیر شیعر دەخوێننەوە.

ئەسکەندەر زرار دەڵێت: "لە هەموو جیهاندا ڕۆژی 21ـی ئادار ڕۆژی جیهانیی شیعرە، چەند ساڵە یونسکۆ ئەو بڕیارەی داوە. لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە دەکەوێتە یەکەم ڕۆژی نەورۆز و هەروەها بۆ ئەمساڵیش ڕەمەزانە، بڕیارمان داوە لە شەوی 20ـی ئادار ئەو ڕێوڕەسمە ساز بکەین".

ئەو نووسەرە ڕایگەیاند، رێوڕەسمەکە بە بەشداریی هونەرمەند "زەکەریا موحسین" و هەریەک لە شاعیران "دڵزار حەسەن، گۆران رەسوڵ، داستان بارزان، بژار حەکیم، سۆران ساڵح، هاودەنگ بێبەش" دەبێت.

بەگوتەی ئەو، "لە دوای خوێندنەوەی شیعرەکان، هەشت شاعیر کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵیان لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی کوردستان هەبووە، خەڵات دەکرێن".