ڕووسیا هۆشداری دەداتە ژاپۆن لە ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

سێرگی جیوستکی، بەڕێوەبەری بەشی سێیەمی ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ هۆشداری داوەتە تۆکیۆ لە دەرئەنجامەکانی ڕادەستکردنی مووشەکی پاتریۆتی ژاپۆنی بە ئۆکرانیا لە ڕێگەی ئەمەریکاوە.

سێرگی جیۆستکی گوتیشی: "کاتێک کابینەی فومیۆ کیشیدا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023دا هەموارکردنەوەیەکی یاسایی دەرکرد، کە ڕێگەی بە دابینکردنی مووشەکی پاتریۆت بۆ واشنتن دا، لایەنێکی ژاپۆنی ڕاستەوخۆ ئاگادارمانی کردەوە کە هیچ گومانێکمان نییە سوودمەندی کۆتایی ئەو بڕیارە ئۆکرانیایە".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامبوون لە ناردنی چەک بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا بە هاوبەشی تۆکیۆ، تەنها دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکان.

جیوستکی باسی لەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی ژاپۆن لە قەیرانی ئۆکرانیا لایەنگری ڕۆژئاوایان گرتووەتەبەر و لە ئەنجامدا پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ژاپۆنیان تێ کدا، کە دەیان ساڵ بەردەوام بووە.

ڕاشیگەیاند، دەبێت بەردەوام بین لە وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوە تا تۆکیۆ دەستبەرداری سیاسەتی نادۆستانە دەبێت و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی لەبەرچاو دەگرێت.