عێراق، بەشەخۆراکی مانگی رەمەزانی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە

بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان
بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان

K24 – هەولێر:

لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو پێش مانگی رەمەزان بەشەخۆراکی ھاووڵاتییان دابەشبکرێت، بەڵام تا ئێستا دابەشنەکراوە و بریكارەکانی دابەشکردنی بەشەخۆراکیش دەڵێن: "حكومەتی عێراق بەردەوامە لەو ستەمانەی کە بەرامبەر بە خەڵكی ھەرێمی کوردستان دەیکات". بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێمی كوردستانیش ئاشکرای دەکات، بەھۆی بەئەلیکترۆنیکردنی کاروباری بریكارەكانی خۆراك بەشە خۆراکی ھاووڵاتییان دواکەوتووە.

محەممەد ئیسماعیل، دابەشکاری بەشەخۆراک بە کوردستان24ـی راگەیاند،  لە مانگی سێدا بەشەخۆراکی مانگی دوو هات، مانگێک نا مانگێک ئارد دەنێرن بۆمان، پار ئاردیان بەشی نۆ مانگ نارد، حکومەتی عێراق زوڵم لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.

ھەرچەندە لە سەرەتای دەستپێکی مانگی رەمەزان وا بڕیاربوو بەشەخۆراک دابەشبکرێت و بەشێکیش زیادەی لەگەڵدابوو بۆ مانگی رەمەزان، بەڵام تا ئێستا لە ناو سەنتەری شارەکان دابەشنەکراوە.

لای خۆیەوە نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەھۆی بەئەلیکترۆنیکردنی کاروباری بریكارەكانی خۆراك بەشە خۆراکی ھاووڵاتییان دواکەوتووە.

کۆگاکانی خۆراک لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان کە خۆراکێکی زۆری تێدا ھەڵگیراوە، ھەر مانگە و بە بیانویەک بەغدا دابەشکردنی خۆراک دوادەخات ئەمە جگە لەوەی ساڵانە بەشەخۆراکی دوو بۆ سێ مانگ دەبڕێت بە بیانوی ھاتنی ساڵی تازە.