لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە رووسیا بەهۆی تەقەکردنەوە کوژراو و بریندار هەن

هۆڵی بۆنەکانی کۆرکوس لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی رووسیا، وێنە:AFP
هۆڵی بۆنەکانی کۆرکوس لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی رووسیا، وێنە:AFP

K24 – مۆسکۆ:

لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی رووسیا چەند کەسێک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لە ئامادەبووانی ناو هۆڵەکە کردووە، بەپێی زانیاری میدیاکانی رووسیا زیاتر لە 40 کوژراو و 100 بریندار هەن.

ئەمڕۆ هەینی (22ـی ئاداری 2024) میدیاکانی رووسیا، بڵاویانکردەوە، لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی رووسیا کردەوەیەکی تیرۆرستی روویدا کە بەهۆیەوە 40 کوژرا و 100 بریدار هەن.

هاوکات شایتەحاڵانی شوێنی رووداوەکە بە میدیاکانی رووسیایان راگەیاندووە، سێ کەسی ریشدار بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لە هاووڵاتییانی ناو هۆڵکە کردووە.

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لەمیانەی پۆستێکدا لە تەلەگرام باسی لە رووداوەکە کرد و گوتی: ئەمڕۆ کارەساتێکی ترسناک لە هۆڵی بۆنەکانی کۆرکوس روویدا. گوتیشی: "پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارمداوە هەموو چالاکییە وەرزشی، رۆشنبیریی و جەماوەرییەکانی دیکەی مۆسکۆ لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەڵبوەشێنمەوە، بەهۆی خەمباریمان بۆ ئەم کارەساتەی ئەمڕۆ".

لای خۆیەوە کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییانی هێرشە چەکدارییەکەی شاری کڕاسنۆگۆرسکی دەردەبڕێت کە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێران روویداوە.

جۆن کیربی، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هاوسۆزی خۆمان ئاراستەی قوربانییانی ئەم هێرشە ترسناکە دەکەین، وێنەکان ترسناکن و سەیرکردنی قورسن. گوتیشی:هیچ ئاماژەیەکی نییە بۆ تێوەگلانی ئۆکرانیا لە هێرشەکە.