کوژراوانی هێرشەکەی مۆسکۆ گەیشتە 115 کەس

بەشێک لە قوربانییانی هێرشەکەی مۆسکۆ بەهۆی سووتانەوە نەناسراونەتەوە
دانانی گوڵی رێزلێنان لە گیانی قوربانیان - بەردەم هۆڵی شاری کرۆکوس - وێنە AFP
دانانی گوڵی رێزلێنان لە گیانی قوربانیان - بەردەم هۆڵی شاری کرۆکوس - وێنە AFP

K24 – مۆسکۆ

 لیژنەی لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەی مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا ڕایگەیاند، تا وەکوو ئێستە کوژرانی 115 کەس لە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر ناوەندی بازرگانی کڕۆکۆس پشتڕاستکراوەتەوە، ئەگەر بەرزبوونەوەی ژمارەکەش هەیە.

لیژنەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام بڵاویکردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا لە کۆی ئەو 115 کوژراوە تەنیا ناسنامەی 41 کەسیان ئاشکراکراوە، هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیاریی و دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە بە شێک لە قوربانییەکان سووتاون و ناسینەوەیان کارێکی قورس دەبێت، بەشێکی دیکەش بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەی سووتانی ناوەندی بازرگانییەکە خنکاون.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەی سەر مۆسکۆ 107 بریندار لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەری تەندروستیان بۆ دەکرێن، لە نێویاندا 44 بریندار لە چاودێری چڕ خەوێندراون کە 16 بریندار تەندروستیان ناجێگرە.

پارێزگاری مۆسکۆ رایگەیاندووە، وەک هاوکاریی بڕی سێ ملیۆن ڕۆبڵ بە خانەوادەی کوژراوەکان و بڕی یەک ملیۆن ڕۆبلیش بە بریندارەکان دەدرێت.

هەروەها دەزگای هەواڵگری ڕووسیا دەستگیرکردنی 11 کەسی ڕاگەیاندووە کە گومان دەکرێت پەیوەندییان بە هێرشەکەوە هەبووبێت، هاوکات دەنگۆی ئەوەش هەیە کە دەستگیرکراوەکان هاووڵاتیی تاجیکستانی بن، هەرچەندە حکوومەتی ڕووسیا بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەمبارەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام حکوومەتی تاجیکستان بە فەرمیی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەوە کە هیچ هاووڵاتییەکی لەو هێرشانە تێوەگلا بێت.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی (22ی ئاداری 2024) ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیانکردە سەر هۆڵی کرۆکوس ئاهەنگگێڕان لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی نزیک مۆسکۆی پایتەخت و بە هۆیەوە زیاتر لە 60 کوژراو و 115 بریندار هەن، کە بەشێکیان منداڵن.