شرۆڤەکارێکی ئابووری: حکومەتی عێراق دژی هەژماری من دەوەستێتەوە چونکە دزی تێدانییە

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی ئابووری رایگەیاند، حکومەتی عێراق بۆیە دژی هەژماری من دەوەستێتەوە، چونکە دزیکردنی تێیدا نییە، ئەگەر بێت و پارەکە لەسەر هەژمای من بێت بڕە پارەکە لای ئێمە ئاشکرا دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئاداری 2024، د. محەممەد عەلی شرۆڤەکاری ئابووری، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، هەژماری من بەهێزترین، باشترین و رێککترین چارەسەرە بۆ ئەو گرفتانەی کە فەرمانبەرانی هەرێم تێیدا دەژین، بەهەموو شێوەیەک لە وەرگرتنی پارە، لە خەرجکردنی پارە لە خزمەتگوزارییەکانی ئەو کارتە.

بەگوتەی ئەو، "لە هیچ شوێنێکی جیهان نەماوە پارە بە کاش لە گیرفانتدابێت و مامەڵەی پێبکەی، کەواتە بەهێزترین و باشترین وەک پلانی ستراتیژی هەژماری منە. شێوازی حکومڕانی شێوازی ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستان لە سالانی 1960، 1970 تاکو ئەمساڵی 2024، بە شێوەیەک لە شێوەکان گۆڕینێکی جۆرییە".

ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت: "هەژماری من هیچ زیانێکی نییە بۆ هیچ کەسێک، تەنیا بە نێودەوڵەتیکردنی کەرتی ئابووری و کەرتی دارایی هەرێمی کوردستانە. هۆکاری وەستانی حکومەتی عێڕاق لە دژی هەژماری من هەموو کەس دەزانێت کە ئێستا رۆژانە 26 ملیاری لە زەرەردایە لە گۆڕینەوەی دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراق و ئەو نرخەی کە لە بازاڕدایە ئەو پارەی دەگاتە دەستی 200 بۆ 230 ملیۆن رۆژانە 10 کۆمپانیا سەر بەو حزبانەی کە حکومڕانی دەکەن لە بەغدا ئەو پارە وەردەگرن و لە بازاڕدا بە نرخی 150 هەزار دەیفرۆشنەوە."

محەممەد عەلی گوتیشی: "ئەو جیاوازییە 26ملیا تا 27 ملیار دۆلارە رۆژانە. حکومەتی عێڕاقی دەیەوێت هەژماری من رابگرێت، چونکە ئەو بانکانە کە من خوێندومەتەوە لەسەری دەڵێت، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک پێکهاتووە، لەو بڕەیەی 650 یاخود 700ملیارەی کە دەینێرێت بۆ کوردستان لە جیاوازی دۆلار کە بە کۆمپانیاکان دەدات و ئەو پارەی ئەوان بە ئێمەی دەدەن نزیکەی 50 ملیۆن دۆلارە، کە ئەمەش بۆ ئەوەی خۆیان ئەو بڕە پارە قۆرغ کەن و گەندەڵی تێدا بکەن، قبووڵی هەژماری من ناکەن".

بە بڕوای ئەو شرۆڤەکارە حکومەتی عێراق بۆیە دژی هەژماری من دەوەستێتەوە، چونکە دزیکردنی تێیدا نییە، ئەگەر بێت و پارەکە لەسەر هەژمای من بێت بڕە پارەکە لای ئێمە ئاشکرا دەبێت، ئەوان ئەو پارەی کە دەینرن بۆ کوردستان بە شێویەک لە شێوەکانیش دەیانەوێت سپیکردنەوەی پارەی تێیدا ئەنجامبدەن و دەیدزن لەسەر ناوی بن دیوارەکانی خۆیان کە لە ئێستادا زیاتر لەسەریان تۆخ بووەتەوە.