پارێزگاری دهۆک: تاوەکو ئێستە 352 خاوەنخانوو قەرەبوو کراونەتەوە

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 - هەولێر

پارێزگاری دهۆک دەڵێت، پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەفتەی رابردوو بەردەوامە و تاوەکو ئێستا  352 خاوەنخانوو قەرەبوو کراونەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-03-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەفتەی رابردووی شارەکە و دەوروبەری، رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا توانیومانە 352 خاوەنخانوو قەرەبوو بکەینەوە و لە پلانماندایە پێش هاتنی جەژن قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووان بکەینەوە".

 پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانیان کردووە لە زووترین کاتدا قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بکرێتەوە و ئەوەی پێویست بێت بۆیان بکرێت.

د. عەلی تەتەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو:"هێزەکانی پێشمەرگە، فەرمانبەر، قوتابی، مامۆستایانی زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکان و هەموو چین و توێژەکانی شارەکە بەیەکەوە بەشدارییان لە هەڵمەتی پاککردنەوەی شاری دهۆک کرد و ئەمەش ئێمەی زۆر دڵخۆش کرد، شانازییان پێوە دەکەین و سوپاسی  خەڵکی خۆمان دەکەین".

رۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. بەهۆی لافاوەکەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا، زیان بە زیاتر لە هەزار خانوو گەیشت و دەیان ئۆتۆمبێلیش ژێرئاو کەوتن.

لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی و دوای کەمتر لە 48 کاتژمێر بەسەر هەڵسانی لافاوەکە، لە قۆناغی یەکەمدا و لە رێوڕەسمێکدا؛ کلیلی 117 یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) بە خاوەنی 117 خاوەنخانووی ئەو گەڕەکانی دهۆک درا کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانی زۆر بە خانووەکانیان گەیشتبوو و جێگەی مانەوەیان نەمابوو. پڕۆسەکە بەردەوامە و بڕیارە قۆناغ بە قۆناغ تا پێش جەژنی رەمەزان، قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بکرێتەوە.

هەر دوای هەڵسانی لافاوەکە، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی؛ مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکەری گوڵان و تایبەتیی یەک، بە هاوڕێیەتی سەدان پێشمەرگە بۆ ماوەی چەند رۆژێکە لە دهۆکە و لەگەڵ چین و توێژەکانی شارەکە سەرقاڵی پاککردنەوەی شارەکەیە لە پاشماوەکانی لافاوەکە.

لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکی زیانلێکەوتووانی کردووە یان نا، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە حکوومەتی عێراق "یەک دیناریشی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و دەوروبەری کردبێت" و، گوتی: "تەنانەت سەرەخۆشییان لە ئێمە نەکردووە".