شاندێکی پڕۆژەی "هەژماری من" دەچێتە بەغدا

هەژماری من
هەژماری من

K24 - هەولێر

شاندێکی پڕۆژەی "هەژماری من" دەچێتە بەغدا و لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندیی کۆ دەبێتەوە.

مەروان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-03-2024،  شاندێکی  پڕۆژەی "هەژماری من" بچێتە بەغدا و سبەی دووشەممە، لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی عێراق و بەرپرسانی بانکی ناوەندیی کۆببێتەوە".

وەکو ئەوەی مەروان ئەحمەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پێکرد، مەبەست لە چوونی شاندەکە بۆ بەغدا "بۆ تاوتوێکردن و خستنەڕووی وردەکاریی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ حکوومەت و بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق".

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی مامەڵەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی بۆ کراوە و زیاتر لە 130 هەزار فەرمانبەریش کارتە بانکییەکەیان وەرگرتووەتەوە و پرۆسەکە بە خێرایی بەڕێوە دەچێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە فراوانکردنی پڕۆژەی "هەژماری من" و ئێستا لە حەوت شاری هەرێمی کوردستان دەست بە تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەکە کراوە. رۆژانە زیاتر لە چوار هەزار فەرمانبەر لە پرۆژەی "هەژماری من" تۆمار دەکرێن، پێنج بانکی گەورە لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و بڕیارە چەند بانکێکی دیکەش پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە بکەن.

رۆژی شەممە، 23-03-2024، ئاوات جه‌ناب نووری، وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیدارێكی میدیاییدا، لە وەڵامی ژینۆ محەممەد، نێردراوی کوردستان24 رایگەیاند، "هەژماری من پڕۆژەیەکە بۆ تەوتینی مووچە، ئەو سیستەمەی ئێمە لەگەڵ هی عێراق جیاوازەیەکەی ئەوەیە هی ئێمە تەوتینە لەگەڵ 19 خزمەتگوزاری، بەڵام هی عێراق ئەو 19 خزمەتگوزارییەی بۆ مووچەخۆرانی تێدا نییە".

وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "پڕۆژەی هەژماری من بە رەزامەندی محەممەد شییاع سوودانی و بانکی ناوەندیی عێراق دروست کراوە، هەورەها چەندین بانکی عێراقیش لە پڕۆژەکەدا بەشدار دەبن". گوتیشی "لە رێگەی هەژماری من مووچەخۆر دەتوانێت سوودمەند بێت لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان و کار ئاسانییەکی زۆریان بۆ دەکات، گرنگترینیشیان مووچەخۆر دەتوانێت لە رێگەی هەژماری من پێشینەکانی خانووبەرە و هاوسەرگیریی وەربگرێت".