شێروان دووبەردانی: تاوەکو ئێستا بڕیار لەسەر هەموارکردنەوەی ماددەی 11 لە یاسای بودجە نەدراوە

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر هەموارکردنەوەی ماددەی 11ـی یاسای بودجە نەداوە، کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی سێشەممە (26ـی ئاداری 2024) شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا بڕیاری هەمواری ماددەی 11 لە یاسای بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران نەدراوە بۆ ئەوەی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە لە بڕگەی نەفەقاتی فیعلییەوە هەموار بکرێت بۆ نەفەقاتی حاکیمە کە پەیوەستە بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوەش کرد: پەرلەمانی عێراق بودجەی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) پەسەند کردووە و ئەوەی هەیە لە ماددەی 70ـی یاساکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر زیادکردنێک لەبارەی بوونی پرۆژەیەکی ستراتیژیی یان هەموارکردنەوەی ماددەیەکی بودجە، پێویستە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی بکات و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراقی بکات.

هەرچەندە ڕۆژی (13ـی ئاداری 2024) ته‌یف سامی، وه‌زیری دارایی عێراق تەواوکردنی زانیارییه‌كانی پەیوەست بە خشتەی بودجەی گشتی ساڵی 2024 و خستنەڕووی دەق و ناوه‌ڕۆكه‌کانی ڕاگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، دوای وردبینی و پێداچوونه‌وه‌ی، ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیان كردووه، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق نەکراوە.

هەروەها ڕۆژی (29ـی کانوونی دووەمی 2024) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ کوردستان24ـی ڕایگەیاند، یاسای بودجە ستەمێکی گەورەی لە هەرێمی کوردستان کردووە، حکوومەتی فیدراڵیش درکی بەو ستەمە کردووە، لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوانمان لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە ڕێککەوتووین.