سەرجەم دوکانەکانی بازاڕی لەنگە لە باج بەخشران
K24 - هەولێر
سەرجەم ئەو دوکانانەى بازاڕى لەنگە کە بە هۆى ئاگرکەوتنەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە 30% بۆ ساڵى 2023 و لە 100% بۆ ساڵی 2024، لە وەرگرتنى باج دەبەخشرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی ئاداری 2024، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر و بەئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و د.کەمال تەیب، بەڕێوەبەرى گشتیى باجەکان و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، سهبارهت بەهاریکارى و یارمەتیدان و دەستگیرۆیی کردنی کاسبکار و دوکاندارانى زیانلێکەوتووى بازاڕى لەنگەى شارى هەولێر کرا.
له كۆبوونهوهکەدا، ئەنجوومەنى شارەوانیى هەولێر بڕیارى لێخۆشبوونى (یەک ساڵ) لە کرێى ساڵانە و شەش مانگ لێخۆشبوون لە ڕسووماتى خۆڵ و خاشاکى ئەو دوکانانەى بازاڕی لەنگە، کە گرێبەتسیان لەگەڵ سەرۆکایەتىی شارەوانىی هەولێر هەیە و بەهۆى ڕووداوى ئاگرکەوتنەوەکەى ئێوارەی ڕۆژی 27ـی شوباتی 2024، زیانیان بەرکەوتووە.
جەختى لەوەشیکردەوە، لە دواى جەژنى ڕەمەزان، لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر دەست دەکرێت بەڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕى لەنگە و هەڵگرتن و لادانى سەرجەم زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکانى نێو بازاڕەکە، کە جگە لەوەى سیمایەکى ناشارستانیان بە بازاڕەکە بەخشیووە، بوونەتە هەڕەشە و مەترسیش بۆ دووبارە بوونەوەى ڕووداوى هاوشێوەى ئاگرکەوتنەوەى ماوەى ڕابردوو.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، تیشکى خستەسەر چەند ڕێکارێکى ترى هاریکاریکردن و دەستگیرۆیی کاسبکار و دوکاندار و زیانلێکەوتووانى بازاڕى لەنگە، بەتایبەتى لە پرسى وەرگرتنى باج لێیان، بۆ ئەو مەبەستەش دواى وەرگرتنى ڕاى بەڕێوەبەرى گشتیى باج و سەرەنج و تێبینى ئامادەبووان بڕیاریدا؛ بە "لێخۆشبوونى لە 30% بۆ ساڵى 2023 و لە 100% بۆ ساڵی 2024، لەوەرگرتنى باج لە سەرجەم ئەو دوکانانەى بازاڕکە کە بە هۆى ئاگرکەوتنەوەکە زیانیانبەرکەوتووە و ژمارەیان 166 دوکانە".
ئێوارەی ڕۆژی 27ـی شوباتی 2024، بەهۆى کەوتنەوەى ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، لە کۆى 2400 دوكان 166 دوکانی بازاڕەکە زیانیان پێگەیشت، وەک هاوکارى و دەستگیرۆیی کاسبکار و دوکاندارانى بازاڕەکەش ئەنجومەنى شارەوانى هەولێر لە دانیشتنى ژمارەى 10ى 2024.3.6، بڕیاریدا بەلێخۆشبوونى (یەک ساڵ)ى کرێى ساڵانە و شەش مانگى لێخۆشبوون لە ڕسووماتى خۆڵ و خاشاکى هەموو ئەو دوکانانەى بازاڕەکە، کە گرێبەتستیان لەگەڵ سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر هەیە و بەهۆى ڕووداوى ئاگرکەوتنەوەکە زیانیان بەرکەوتووە و ڕۆژى یەکشەممەش 24ـی ئاداری 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بڕیارەکەى پەسەند کرد و چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.