چوارچێوەی هەماهەنگی شیعه‌كان داوای هەمواریی یاسای هەڵبژاردن دەکات

K24 – هەولێر:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەر هەڵبژاردنێک، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بابەتی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەوروژێنن، ئێستا داوای کۆتاییهێنان بە سیستمی فرەبازنیەیی و گەڕانەوە بۆ سیستەمی یەک بازنەیی دەکەن.

یاسای کارپێکراوی هەڵبژاردنەکانی عێراق ساڵی 2023 هەموارکراوەتەوە و بە گوێرەی ئەو یاسایە، پارێزگاکان بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەش کراون.

تا دێت ململانێکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و گەڕانەوە بۆ سیستەمی یەک بازنەیی قووڵتر دەبنەوە؛ چەند لایەنێكی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوای کۆتاییهێنان بە سیستەمی فرەبازنەییی و گەڕانەوە بۆ سیستەمی فرە بازنەیی دەکەن.

هۆی سەرەکی ئەو داواکارییەکی بەشێک لە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی، بۆ کەمیی ئەو دەنگانە دەگەڕێتەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە، بەشێکیشی پەیوەندی بە ترس لە گەڕانەوەی ڕەوتی سەدر بۆ پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکانەوە هەیە.

یاسای کارپێکراوی هەڵبژاردنەکان لە عێراق فرە بازنەییە، ساڵی 2023 هەموارکراوەتەوە و ژمارەی بازنەکان لە 18 بازنە کراوەتە 83 بازنە.

هەر بازنەیەک لە 3 بۆ 5 کورسی پێک هاتووە، هەر سێ سەرۆکایەتییەکە لە پەرلەماندا هەڵدەبژێردرێن.  پەرلەمان لە 329 کورسی پێکهاتووە، 320 کورسی بەسەر پارێزگا و بازنەکانی هەڵبژاردن دابەش کراوە و 9 کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە.

بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردن بازنەکانی بەم شێویەیە دیاری کراون، بەغدا 17 بازنە، هەولێر 4 بازنە، ئەنبار 4 بازنە، کەرکووک 3 بازنە، نەینەوا 8 بازنە، سلێمانی 5 بازنە، بەسڕە 6 بازنە، زیقار 5 بازنە، میسان 3 بازنە، بابل 4 بازنە، موسەنا 2 بازنە، واست، دیوانییە، کەربەلا، نەجەف، سەلاحەدین 3 بازنە. دیالە 4 بازنە، دهۆک 4 .

چوارچێوەی هەماهەنگیی و پارتە شیعییەکان لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەر هەڵبژاردنێک پەنا بۆ هەموارکردنەوەی و گۆڕینی دەقەکانی یاساکە دەبەن، بەشێوەیەک زۆرترین سوودی بۆ ئەوان هەبێت و زامنی مانەوەیان بێت لە دەسەڵاتدا.