تەرمی یەکێک لەو هاووڵاتییانەی لافاوەکەی دهۆک بردنی دۆزرایەوە

پڕۆسەی گەڕان بەدوای قوربانییانی لافاوەکەی دهۆک
پڕۆسەی گەڕان بەدوای قوربانییانی لافاوەکەی دهۆک

K24 - هەولێر

تەرمی یەکێک لەو هاووڵاتییانەی لە دهۆک لافاو بردنی، دۆزرایەوە و پڕۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی هاووڵاتییەکەی دیکەشدا بەردەوامە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28-03-2024، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، تیمەکانیانیان بە هاوکاری نزیکەی 600 هاووڵاتیی دهۆک و دەوروبەری توانییان تەرمی یەکێک لەو هاووڵاتییانەی هەفتەی رابردوو، لافاو بردنی، لە بەنداوی مووسڵ بدۆزنەوە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی هاووڵاتییەکی دیکەش کە هەفتەی رابردوو لافاو لەگەڵ خۆی بردی، لە سەنتەری شاری دهۆک و بەنداوی مووسڵ بەردوامە.

 

 

 

رۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. هەمان رۆژ، لافاو دوو هاووڵاتی لەگەڵ خۆی بردنی و کەسێکی دیکەش بە هۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا واتا بەهۆی لافاوەکەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا. زیان بە زیاتر لە هەزار خانوو گەیشت و دەیان ئۆتۆمبێلیش ژێرئاو کەوتن.

لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی و دوای کەمتر لە 48 کاتژمێر بەسەر هەڵسانی لافاوەکە، لە قۆناغی یەکەمدا و لە رێوڕەسمێکدا؛ کلیلی 117 یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) بە خاوەنی 117 خاوەنخانووی ئەو گەڕەکانی دهۆک درا کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانی زۆر بە خانووەکانیان گەیشتبوو و جێگەی مانەوەیان نەمابوو. پڕۆسەکە بەردەوامە و بڕیارە قۆناغ بە قۆناغ تا پێش جەژنی رەمەزان، قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بکرێتەوە.

هەر دوای هەڵسانی لافاوەکە، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی؛ مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکەری گوڵان و تایبەتیی یەک، بە هاوڕێیەتی سەدان پێشمەرگە بۆ ماوەی چەند رۆژێکە لە دهۆکە و لەگەڵ چین و توێژەکانی شارەکە سەرقاڵی پاککردنەوەی شارەکەیە لە پاشماوەکانی لافاوەکە.

لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکی زیانلێکەوتووانی کردووە یان نا، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە حکوومەتی عێراق "یەک دیناریشی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و دەوروبەری کردبێت" و، گوتی: "تەنانەت سەرەخۆشییان لە ئێمە نەکردووە".