تەندروستی جیهانیی پێشنیازی پەیڕەوکردنی ڕێگەیەک بۆ شکاندنی تینوویەتی لە ڕەمەزاندا دەکات

خواردنەوەی ئاو لە مانگی رەمەزاندا
خواردنەوەی ئاو لە مانگی رەمەزاندا

K24 – هەولێر:

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشنیازی پەیڕەوکردنی ڕێگەی کاریگەرتر بۆ دوورکەوتنەوە لە تینوویەتی لە مانگی ڕەمەزاندا دەکات، وەک دڵنیابوون لە دابەشکردنی بڕی ئاو بە ڕێژەی کوپێک ئاو لە هەر کاتژمێرێکدا لە دوای بانگی مەغریبەوە تا بەرەبەیان.

زۆرێک لەو کەسانەی لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو دەبن، پێیان وایە بە تەنها بە خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو لە کاتی پارشێودا توانای شکاندنی تینووەتی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشنیازی پەیڕەوکردنی ڕێگەی کاریگەرتری کرد بۆ شکاندنی تێنوێتی لە مانگی رەمەزاندا.

ئاو گرنگییەکی زۆری هەیە لە ژیانماندا، چونکە لەش پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی هەموو چالاکییەکانی بکات، هەروەها پێویستە بۆ پاراستنی شێداریی و تازەیی پێست، هاوکات یارمەتیدەرە بۆ تەرکیزکردن و باشترکردنی باری دەروونی و ژانەسەر ناهێڵێت.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشنیازی ئەوە دەکات، خواردنەوەی ئاو بە ڕێژەی کوپێک لە هەر کاتژمێرێکدا لە دوای بانگی مەغریبەوە تا بەرەبەیان، هەروەها دوورکەوتنەوە لە خواردنی چەور لەکاتی پارشێودا یارمەتیدەر دەبێت بۆ شکاندنی تینوویەتی ئەو کاتانەی کە بەڕۆژوویت.

هەروەها ئەو ڕێکخراوە دەڵێت: پێویستە ئەو خواردنانە بخورێت کە دەوڵەمەندن بە پۆتاسیۆم وەك؛ مۆز، کەرەوز و ئەڤۆگادۆ لەکاتی پارشێودا بۆ کەمکردنەوەی تینوویەتی، هاوکات دورکەوتنەوە لە خواردنەوەی چا و قاوە لەکاتی پارشێودا لەبەر ئەوەی ئەوانە میزهێنەرن و دەبنە هۆی ئەوەی لەش بڕێکی زۆر ئاو لەدەست بدات.

تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشدا دەبێت لە ژەمی پارشێودا هاووڵاتییان خۆیان بەدوربگرن لە خواردنی ترشیات و ئەو خواردنانەی کە سوێرن، چونکە هەستکردن بە تینوویەتی زیاتر دەکات.