ئەندامانی کۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا داوای کۆتاییهێنان بە خراپ مامەڵەکردنی بەغدا لەگەڵ کورد دەکەن

باڵه‌خانه‌ی كۆنگرێس / وێنه‌: AP
باڵه‌خانه‌ی كۆنگرێس / وێنه‌: AP

واشنتۆن دی سی، ئەمه‌ریکا (کوردستان 24):

ڕۆژی پێنجشەممە، هەشت ئەندامی کۆنگرێسی کۆمارییەکان  و چوار سیناتۆر و چوار نوێنەر نامەیەکیان ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمه‌ریکا کرد و بە توندی ڕەخنەیان لە مامەڵەی خراپی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرت، کە هۆکارەکەی بۆ کاریگەریی بەهێزی ئێران لەسه‌ر بەغدا دەگەڕێننەوە.

نامەکە لە کاتێکدا نووسراوە کە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی بۆ ئەمه‌ریکا لە داهاتوویەکی نزیک ئه‌نجام ده‌درێت.

 نامەکە وردەکاری ڕێوشوێنە خراپەکانی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو و باس لەوە دەکات کە بایدن دەبێت فشار بخاتە سەر عێراق، بۆ ئەوەی کۆتایی بە مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بهێنێت.

بە شێوەیەکی بەرفراوانتر، نامەکە ڕەخنەیەکی توندتر لە سیاسەتی ئیدارەی بایدن دەگرێت کە ناوی لێنرایە "ڕازیکردن و سازانی ئێوە لەگەڵ ئێران".

لە "وتارێکدا بۆ گۆڤاری کاروباری دەرەوە کە لەم هەفتەیەدا بڵاوکرایەوە" و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە 26ـی تشرینی یەکەمدا بڵاویکردەوە، جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، نووسیویەتی، "هەرچەندە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڵنگاری هەمیشەیی گیرۆدە بووە، بەڵام ناوچەکە بێدەنگترە بە بەراورد لەگەڵ دەیان ساڵی رابردوو."

ئەوە دەقی وەشانی ڕەسەنی وتارەکەی سولیڤان بوو، بەڵام وەک وتارەکەی تایمز بە ناونیشانی "کۆمێنتە 'بێدەنگه‌كان'ـی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی له‌ نووسینی جەیک سولیڤان" تێیدا ڕوونیکراوه‌ته‌وه‌‌، "تەنیا پێنج ڕۆژ دوای ئەوەی بابەتەکەی لە 2ی تشرینی یەکەمدا چاپکرا، حەماس هێرشێکی تیرۆریستی وێرانکەری لەناو ئیسرائیل ئەنجامدا و لانیکەم 1400 ئیسرائیلی کوژران و بە سەدان کەسیش بە بارمتە گیران."

لەو کاتەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگەی سەرنجی سەرەکی هەوڵە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا بووە و ئیدارەیی بایدن هەڵوێستێکی بەرچاوی توندتری بەرامبەر ئێران گرتووه‌ته‌به‌ر.

لەڕاستیدا، هەر وەک چۆن رێکخراوێکی بەناوبانگ وەک ئەنیستیتۆی لێکۆڵینەوەی جەنگ، دۆخی ستراتیژییەکەی کورتیکردەوە، "ئێران و بەناو 'میحوەرەکەی بەرخۆدان'، شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەقۆزنەوە بۆ پشتگیریکردن لە ئامانجەکەیان کە بریتییە لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

بەڵام وەک لە نامەکەی کۆنگرێسدا هاتووە، بنەماکانی سیاسەتی بنەڕەتی هەمبەر ئیران هێشتا ماونەتەوە.

هەرێمی کوردستان 'هاوبەشێکی گرینگە'، بەڵام هەناردەکردنی نەوت، پارەدانی بودجە لەلایەن بەغداوە بلۆک کراوە

کۆنگرێسمانەکان بۆ بایدن نووسیویانە: "حکومەتی عێراق چالاکانە لەگەڵ تاران کاردەکات دژی هاوپەیمانە کوردەکانمانن. لەکاتێکدا ئێوە بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆ سەردانی واشنتۆن".

جەختیشیان لەوە کردۆتەوە کە هاوکاری نێوان بەغدا و تاران بریتییە لە "بڕینی" پارەی حکومەتی فیدراڵی کە دەبێ بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، و"لە هەمان کاتیشدا داخستنی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا".

ئەوان ئامۆژگاری سەرۆکی ئەمه‌ریکایان کردووە و نووسیویانە، "پێویستە سەرنجتان لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەریی ئێران لە عێراق و پشتگیریکردنی پشتیوانی بۆ هاوبەشەکانمان لە کوردستان بێت."

نامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “وەک پێشمەرجێک بۆ هەر سەردانێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێویستە داوا بکەن دەستبەجێ هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت نەوت هەناردە بکات، و دارایی گشتی و تایبەتەکانی ئەمه‌ریکا چیتر مەترسییان لەسەر نەبێت بە هۆی کاریگەری تاران لە بەغدا."

نامەکە ئاماژە بەوەش دەدات کە، "هەروەها پێویستە داوا بکەن کە حکومەتی عێراق دەستبکاتەوە بە دابینکردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان، فرۆشتنی دەستبەجێی نەوتی خاوی کوردستان کە لە ئێستاوە لە بەندەری جەیهانە، هەروەها فرۆشتنی نەوت و پارەدان بە کوردستان و وەبەرهێنەرە نەوتییەکانی".

لایەنەکانی تری پشتیوانی عێراق لە ئێران

هەروەها ئەندامانی کۆنگرێس بە توندی ڕەخنەیان لە لایەنەکانی دیکەی پشتیوانی بەغدا لە تاران گرت. ئەوان نووسیویانە: "حکومەتی عێراق ساڵانە نزیکەی سێ ملیار دۆلار دەداتە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، کە لەنێویاندا چوار گروپی تیرۆریستی دەستنیشانکراو لەلایەن ئەمریکاوە هەن."

"ئەو میلیشیایانە تەنها لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە 180 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەمریکییەکان و کوردستان". لە نامەکەدا، کۆنگرێسمانەکان ئاماژەییان بەوە داوە کە ئەو هێرشانە بووە هۆی "کوژرانی سێ ئەندامی سوپای ئەمریکی و زیاتر لە 100 قوربانی دیکە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێوە بەردەوامن لە پێدانی لێخۆشبوونی سزاکان بە حکومەتی عێراق بۆ هاوردەکردنی کارەبا و گازی سرووشتی ئێران"، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق "دۆلارە ئەمه‌ریکییەکان بەکاردەهێنێت کە لەیەدەگی فیدراڵی ئەمریکاوە بۆ عێراق نێردراوە."

لە درێژەی نامەکەدا نووسراوە کە، "نابێت ڕێگە بە گواستنەوەی زیاتری دۆلاری ئەمریکی بۆ عێراق بدرێت، تاوەکو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بگاتە ئەر بڕوایە کە ئەو جۆرە گواستنەوەیانە سوودی بۆ ڕێژیمی ئێران و بریکارەکانی نییە."

لە کۆتایی نامەکە نووسراوە کە، "سیاسەتی ڕازیکردن و سازانی ئێوە لەگەڵ ئێران، ئاسایشی نەتەوەیی ئەمه‌ریکای خستۆتە مەترسییەوە و پەیوەندیی ئێمەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لاواز کردووە."

واژۆکاران

ئەو چوار سیناتۆرەی واژۆیان لەسەر نامەکە کردووە بریتین لە تۆم کۆتۆن (سیناتۆری ویلایەتی ئارکانساس)، تێد بود (سیناتۆری ویلایەتی کارۆلینای باکوور)، هەروەها بیل هاگەرتی (سیناتۆری ویلایەتی تێنێسی) و ڕیک سکۆت (سیناتۆری ویلایەتی فلۆریدا.)

واژۆکارانی ئەنجومەنی نوێنەران بریتین لە مایک ئەلیزی (نوێنەری ویلایەتی تێکساس)، فەرەنسی هیڵ (نوێنەری ویلایەتی ئارکانساس)، مایک تێرنەر (نوێنەری ویلایەتی ئۆهایۆ) و مایک واڵتز (نوێنەری ویلایەتی فلۆریدا.)

 

وەرگێران لە ئینگیلیزی: کامەران عه‌زیز عه‌بدوڵڵا