سەرۆکی شارەوانی دهۆك: 164 خێزانی زیانلێکەوتووی دیکەی لافاوەکە قەرەبوو کرانەوە

میللەت سالم، سەرۆکی شارەوانی دهۆک
میللەت سالم، سەرۆکی شارەوانی دهۆک

K24 – دهۆک:

قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دهۆک بەردەوامە، سەرۆکی شارەوانی دهۆکیش رایدەگەیەنێت، ئەمشەو 164 خێزانی زیانلێکەوتووی دیکە قەرەبوو کرانەوە.

رۆژی هەینی (29ـی ئاداری 2024) میللەت سالم، سەرۆکی شارەوانی دهۆک تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی فەرماندە مەنسور بارزانی، ئەمڕۆ لە سنووری رۆژهەڵاتی دهۆک 164 خێزانی زیانلێکەوتووی زۆنی چوار قەرەبوو کرانەوە.

سەرۆکی شارەوانی دهۆک، ئاماژەی بەودا، سنووری رۆژهەڵاتی دهۆک دابەشکراوە بۆ پێنج زۆن، سبەی زیانلێکەوتووانی زۆنی پێنجەم قەرەبوو دەکرێنەوە.

میللەت سالم، راشیگەیاند، گوژمەی قەرەبووکردنەوەکەش بە گوێرەی زیانەکان بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکرێت و تا پێش جەژن سەرجەم زیانلێکەوتووانی لافاوەکە قەرەبوو دەکرێنەوە.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) نەوزاد بامەڕنی، بەرپرسی لقی یەکی دهۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: زەرەر و زیان لە ڕۆژهەڵاتی دهۆک زۆربوون، زۆنی ئاشتی 63 ماڵ، زۆنی سەرهەڵدان 176 ماڵ بوون قەرەبوو کرانەوە. هاوکات ئەمڕۆش زیانلێکەوتووانی زۆنی شۆڕش کە 206 ماڵ بوون، قەرەبوو کرانەوە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە (19ـی ئاداری 2024) شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگاکانی دهۆک و زاخۆ بوو، بەهۆی بارانەوە لە چەند گەڕەکێکی ئەو شارانە لافاو هەستا و ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە ڕێگەکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.