کۆژین ئازاد: نەخشاندن لای من زۆر بەنرخ و پیرۆزە

K24- هەولێر

نیگارکێش کۆژین ئازاد ڕایگەیاند، هەر لەتەمەنی منداڵیمەوە حەزم بە وێنەکێشان بووە، بەڵام کە گەیشتمە قۆناغی هەرزەکاری بەتەواوی بڕیارم دا ببم بە وێنەکێش.

نیگارکێش کۆژین ئازاد، لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ کوردستان24، گوتی: من ئێستا قوتابی قۆناغی چواری کۆلێژی هونەرەجوانەکانم لە بەشی شێوەکاریی گرافیک. هەر لەتەمەنی منداڵیمەوە حەزم بە وێنەکێشان بووە، بەڵام کە گەیشتمە قۆناغی هەرزەکاری بەتەواوی بڕیارم دا ببم بە وێنەکێش، دواتر چومە کۆلێژی هونەرەجوانەکان و تا ئێستاش بەردەوامم؛ واتە مێژوویەکی دیاریکراوم نییە بۆ دەسپێکی ژیانی هونەریم، بەڵام بێگومان لە دوای چونم بۆ زانکۆ پتر لە هونەر قووڵبوومەوە.

کۆژین، باس لە واتا و گرینگی نەخشاندن دەکات و دەڵێ: نەخشاندن لای من زۆر بەنرخ و پیرۆزە، چونکە پێم وایە مرۆڤ کاتێک شتێک دەنەخشێنێ، دادەبڕێ لە هەموو بوون، نەخشاندن یەکێکە لەو هونەرانەی کە نەک جەستەییەن بەڵکو  ڕۆحی مرۆڤ بەتاڵ و پاکژ دەکاتەوە، جا ئیتر ئەو نەخشاندنە خەتی پێنووسێک بێت تا وێنەیەکی تەواوەتی.

ئەو شێوەکارە دەربارەی کردنەوەی پێشانگەی هاوبەش و تایبەتیی خۆی ئاماژە بەوە دەکات: من بەهۆی ئەوەی کە هێشتا قوتابیم و لە قۆناغی فێربوون دام، وە هەموو بیریشم لەسەر فێربوونە،  هەر بۆیە پێشانگەی تایبەت بەخۆمم نەبووە، بەڵام پێشانگەی هاوبەشم هەبووە.

کۆژین دەربارەی شێوازی تابلۆکانی ڕایگەیاند: شێوازی تابلۆکانم زۆربەیان گرافیکین بە شێوازی چاپکرد (print making)، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا تابلۆی ئەکریلیک و بۆیەی ئاوی بەشێوەیەکی بەردەوامیش هێڵکاریی رەساس بەرکەوتەم هەیە لەگەڵیان، بەڵام ئەوەی کەهەمیشە جەختی لەسەر دەکەمەوە گرافیکە.

دەربارەی ئەوەی نەخشاندنی کام تابلۆی زۆر کاریگەر بووە لای، کۆژین دەڵێ: نەخشاندنی هیچ تابلۆیەکم نەگەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی بمگریەنێت، بەڵام بێگومان کاریگەریی لەسەر من هەبووە، هەم وەک کەسایەتی هەم وەک کاری هونەریم، بەڵام وەک ئەوەی بمگریەنێت نەخێر.

شێوەکار کۆژین ئازاد دەربارەی هونەری هاوچەرخ دەڵێت: هونەری هاوچەرخ یەکێکە لە قوتابخانەکانی شێوەکاری و لەگەڵ ئەوەشدا زۆر قووڵە. وەکو هونەرمەندێک زۆر دان بەهەبوونی هونەری هاوچەرخدا دەنێم، چونکە خاوەنی پاشخان و مێژوویەکی قوڵە و بابەت زیاتر هەڵدەگرێ وەک لە کلاسیک؛ بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە هونەری کلاسیک ڕەت بکەمەوە. نەخێر! پێم وایە مادام هەردووکیان هونەرن دەبێت هەبن؛ دەبێت هونەرمەند ئیش لەسەر هەردووکیان بکات بەتایبەت بۆ ئێمە کە سەرەتایین، جا دواتر بەپێی ئەزموون  هونەرمەند ئازاد بێت کە کامیان هەڵدەبژێرێت. هونەرمەندی هاوچەرخمان هەن و کاری زۆر جوانیشیان پێشکەش کردووە، هەست دەکەم گەر ناویان نەهێنم ستەمم لێکردوون، بەڵام ئەوەی کە زۆر کاریگەریی لەسەر من دروست کردووە کارەکانی "زەهرا دۆغان و ئەحمەد نەبەز" بوون.

هونەری هاوچەرخ بەداخەوە کە لە ناو کۆمەڵگای ئێمە تێگەشتنمان بۆی کەمە، بەڵام زۆر کاریگەری بەسەر ئاستی تێگەشتنەوە  هەیە، چونکە ڕاستەوخۆ لینک لەگەڵ مێشکماندا دروست دەکات و پرسیاری بۆ؟ لەناو مێشکماندا دروست دەکات و بێگومان هونەری هاوچەرخ کار لەسەر بیرۆکە و کۆنسێپت دەکات نەک ئیستاتیکا.

لەکۆتایی قسەکانیدا، شێوەکار کۆژین ئازاد باس لە پڕۆژەی نوێی دەکات و دەڵێ: سەبارەت بەپڕۆژەی نوێم، چونکە من ئەمساڵ کۆتا ساڵی زانکۆمە، بۆیە زۆر بە چڕی کار لەسەر خوێندنەکەم دەکەم، بیرم لە هیچ پڕۆژەیەک نەکردووەتەوە لە دەرەوەی زانکۆدا. بەڵام بێگومان بۆ داهاتوو کاری لەسەر دەکەم، وەکو پڕۆژەی ئێستام پڕۆژەی کۆتای قۆناغی چوارەمە کە کاری لەسەر دەکەم و لە ئەنجامیشدا وەک پێشانگایەکی هاوبەش نمایش دەکرێت.

نیگارکێش کۆژین ئازاد، تەمەنی 24 ساڵە، خەڵکی هەورامانە و دانیشتووی سلێمانییە. قوتابی قۆناغی چواری کۆلێژی هونەرەجوانەکانی سلێمانییە لە بەشی شێوەکاری.