یەکێتی ئەوروپا گەشتەکانی کۆمپانیایەکی هێڵی ئاسمانی تورکیا رادەگرێت

فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی ساوسویند
فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی ساوسویند

K24 – هەولێر:

یەکێتی ئەوروپا، بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی لەگەڵ رووسیا، گەشتەکانی کۆمپانیایەکی هێڵی ئاسمانی ساوسویندی تورکی بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە رادەگرێت.

برۆکسل وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپای ئاگادارکردەوە کە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ساوسویند بەهۆی  پەیوەندی لەگەڵ رووسیا، فڕین بەسەر ئاسمانی یەکێتی ئەوروپا، یان نیشتنەوە لە وڵاتەکانی ئەو یەکێتییە قەدەغەیە.

هێڵی ئاسمانی ساوسویند کە بنکەکەی لە ئەنتاڵیایە، سەرەتا لە ساڵی 2022 بۆ گواستنەوەی سەرنشینەکان لە نێوان رووسیا و تورکیا دامەزراوە. بەڵام زۆری نەخایاند ئەو کۆمپانیایە داوای مۆڵەتی کرد بۆ ئەوەی گەشتەکانی لە تورکیاوە بۆ ئەڵمانیا، یۆنان، فینلاند و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا پێشکەش بکات.

گەشتە ئاسمانییەکانی ساوسویند لە نێوان ئەنتاڵیا و کالینینگراد لەلایەن کۆمەڵەی گەشتیارانی رووسیا (ATOR) هەڵوەشێندرایەوە بەهۆی ئەو قەدەغەکردنەی کە بەسەریاندا سەپێندرابوو، چونکە پێشتر ئەم گەشتانە بە ئاسمانی یەکێتی ئەوروپادا تێدەپەڕین.

لە مانگی شوباتدا یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای نوێیان لە دژی ڕژێمی پوتن جێبەجێکرد. ئەم سزایانە بە تایبەتی ئامانجیان لایەنە جیاوازەکانی چەندین وڵات بوو، لەوانەش تورکیا. سزاکان بەسەر 16 کۆمپانیای تورکیدا سەپێندراون، سەرەڕای ئەوەش، واشنتن هۆشداری دایە تورکیا کە بانکەکان و کۆمپانیاکانی ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە ئەگەر بەردەوام بن لە مامەڵە بازرگانی لەگەڵ دامەزراوە ڕووسیاییەکان.