ئەنجامە بەراییەکان.. دەم پارتی لە 10 پارێزگا و جەهەپە لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ لە پێشەوەن

جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا
جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

دوای هەڵگرتنی قەدەغەی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەوە، میدیاکانی تورکیا ئەنجامە بەراییەکانیان بڵاوکردەوە کە لە شارەوانییە گەورەکانی ئەنقەرە، ئیستانبوڵ و ئزمیر، کاندیدانی جەهەپە لە پێشەوەن و لە 10 پارێزگای باکووری کوردستانیش دەم پارتی دەنگی یەکەمە.

دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە کاتژمێر (17:00)ـی ئێوارەی رۆژی (31ـی ئاداری 2024)، پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستیپێکرد.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، تاوەکو کاتژمێر (19:45) رێژەی 16%ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامە لە هەموو پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لەو رێژەی جیاکردنەوەی دەنگدانەدا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کاندیدی جەهەپە لە شارەوانی ئیستانبوڵ لە پێشەوەی موراد کورومی کاندیدی ئاکپارتی دێت، هەروەها لە ئەنقەرە، مەنسوور یاڤاشی کاندیدی جەهەپە لە پێشەوە تورگوت ئالتینۆکی کاندیدی ئاکپارتی دێت، لە ئزمیریش جەمیل توغای، کاندیدی جەهەپە لەپێشەوەی هەمزە داغ، کاندیدی ئاکپارتییەوە دێت.

هەرچی کاندیدانی دەم پارتییە لە پارێزگاکانی دیاربەکر، باتمان، مێردین، وان، هەکاری، ئاگری، سێرت، شڕناخ، مووش و تونجەلی، زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

كاتژمێر 7:00ـی به‌یانی تاوەکو 17:00ـی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (31ی ئاداری 2024) هاووڵاتییانی باکووری کوردستان و تورکیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەنگیاندا کە 34 پارتی سیاسیی لە 81 شارەوانیی کە 30ـیان گەورە شارەوانین ركابه‌رییان كرد.

هاوکات 973 شارەوانیی شارۆچکەکان و 390 شارەوانییش بۆ شارەدێیەکان، هەروەها 336 موختاریش هەڵدەبژێردرێن، کە بە گشتی 208 هەزار سندووقی دەنگدان لە ناوەندەکانی دەنگدان ئامادە کرابوون.

لەم هەڵبژاردنەدا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 هاووڵاتی باکووری کوردستان و تورکیا مافی دەنگدانیان هەبوو، لە نێویاندا ملیۆنێک و 32 هەزار و 610 کەس یەکەمجار بوو بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.