ئەکرەم ئیمامئۆغڵو: دەنگی باشمان بەدەستهێناوە بەڵام رکابەری بەهێزمان هەیە
K24 – هەولێر:
کاندیدی جەهەپە بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەنگی باشمان بەدەستهێناوە لەگەڵ ئەوەشدا، رکابەری بەهێزمان هەیە.
رۆژی (31ـی ئاداری 2024) دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان و دەستپێکردنی پرۆسەی جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ و کاندیدی جەهەپە رایگەیاند، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان دەنگی باشیان بەدەستهێناوە.
ئیمامئۆغڵو بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێکی روون لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە بدات، ئاماژەی بەوەکرد، رکابەری بەهێزیان هەیە وەک ئاماژەیەک بۆ ئاکپارتی و هێزەکانی دیکە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان تا کاتژمێر (20:00)ـی (31ـی ئاداری 2024) رێژەی 23%ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و لە زۆربەی شارەوانییە گەورەکانی تورکیادا، کاندیدانی جەهەپە لە پێشەوەن و لە 10 پارێزگای باکووری کوردستانیش، کاندیدانی دەم پارتی دەنگی یەکەمیان بەدەستهێناوە.
كاتژمێر 7:00ـی بهیانی تاوەکو 17:00ـی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (31ی ئاداری 2024) هاووڵاتییانی باکووری کوردستان و تورکیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەنگیاندا کە 34 پارتی سیاسیی لە 81 شارەوانیی کە 30ـیان گەورە شارەوانین ركابهرییان كرد.
هاوکات 973 شارەوانیی شارۆچکەکان و 390 شارەوانییش بۆ شارەدێیەکان، هەروەها 336 موختاریش هەڵدەبژێردرێن، کە بە گشتی 208 هەزار سندووقی دەنگدان لە ناوەندەکانی دەنگدان ئامادە کرابوون.
لەم هەڵبژاردنەدا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 هاووڵاتی باکووری کوردستان و تورکیا مافی دەنگدانیان هەبوو، لە نێویاندا ملیۆنێک و 32 هەزار و 610 کەس یەکەمجار بوو بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.