ئاری هه‌رسین: ئه‌گه‌ر به‌ بێ پارتی هه‌ڵبژاردن بكرێت، عێراق و هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌

K24 – هەولێر:

به‌رپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان تایبه‌ت به‌ هه‌ڵوێستی پارتی له‌باره‌ی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی كه‌ بڕیاره‌ له‌ 10ـی حوزه‌یران به‌ڕێوه‌بچێت، پێشتر به‌ قازانجی لایه‌نێكی ده‌ره‌وه‌ دیزایینی بۆ كراوه‌ و ساخ كراوه‌ته‌وه‌. گوتیشی: "ناكرێ به‌شداری هه‌ڵبژاردنێكی له‌مشێوه‌ بكرێت، كه‌ پێشبینی و كۆتاییه‌كه‌ی دیاریكراوه‌". هاوكات ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر بێ پارتی هه‌ڵبژاردن بكرێت، عێراق و هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌".

له‌میانه‌ی به‌شدارییان له‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24، ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی ده‌ڵێت، هه‌ركێ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات یاخوود نا، ئازاده‌، ئێمه‌ حزبێكی مه‌بده‌ئیین و ئه‌گه‌ر به‌شداری نه‌كردن له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ زیانی خۆشمان ته‌واوبێت، له‌ مه‌بده‌ئی خۆمان لاناده‌ین.

ئاری هه‌رسین راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر بێ پارتی هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئه‌وا عێراق و هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، یونامی ناتوانێت میسداقییه‌ت به‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بدات، چونكه‌ پیلانبۆداڕێژراوه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌شی دیاریكراوه‌.

هه‌روه‌ها گوتیشی: سه‌رۆك بارزانی ته‌نیا سه‌رۆكی حزبێك نییه‌ و به‌ڵكو سه‌رۆكی كوردستان و بیری نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌.

پێشتریش سەربەست لەزگین، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، "هەڵوێستی پارتی نەگۆڕاوە و جەخت لە دوایین ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی خۆمان دەکەینەوە و بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین".

ڕۆژی یەکشەممە، 3ـی ئاداری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا ڕۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024)ـی وەکو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.