ئایشەگول دۆغان: لە زۆرینەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان لە پێشەوەین

ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی دەم پارتی، دەڵێت: هەندێک لایەن هەوڵدەدەن دەنگەکانمان بدزن، بەڵام ئێمە سەردەکەوین و دەنگەکانمان زیادی کردووە.

ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەنجامەکان بۆ ئێمە دڵخۆشکەرن وردە وردە نزیک دەبێنەوە لە کۆتایی و تا ئێستا ئەنجامێکی باشمان بەدەستهێناوە، لە زۆرینەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان لە پێشێن.

گوتەبێژی دەم پارتی، راشیگەیاند، هەوڵدەدرێت لە شرناخ زانیارییەکان بشێوێنن و هەوڵی ناڕاست بڵاوبکەنەوە، چونکە لەو ناوچەیەش ئێمە دەنگی زۆرینەمان بەدەست هێناوە و لە زۆرینەی شوێنەکان دەنگەکانمان زیادی کردووە.

ئایشەگول دۆغان، ئاماژەی بەوەدا، ئێمە ناکەوینە کێبڕکێی توند لەگەڵ کەس، ژمارەی دەنگەکان لەنێو سندوقەکان کەسی براوە دەستنیشان دەکات.

گوتەبێژی دەم پارتی، دەڵێت: هەوڵدەدرێت دەنگ و ئیرادەی خەڵکمان بدزن، هەر چەندە لە زۆرێک لە شوێنەکان دەنگەکانمان دزراون، بەڵام ئیرادەی خەڵکی لە سندوقەکان دایە و دەردەکەون و دەژمێردرێن، ئەوەی دەنگی بە ئێمە داوە سوپاسی دەکەین.

ئایشەگول دۆغان، جەختی لەوە کردەوە، "من لە پێشووشدا رامگەیاندووە کە قەیومەکان نامێنن، وردە وردە وا فێڵبازەکانیش نامێنن و بەڵێنی سەرکەوتنی سەرتاسەری دەدەین".

كاتژمێر 7:00ـی به‌یانی تاوەکو 17:00ـی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (31ی ئاداری 2024) هاووڵاتییانی باکووری کوردستان و تورکیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەنگیاندا کە 34 پارتی سیاسیی لە 81 شارەوانیی کە 30ـیان گەورە شارەوانین ركابه‌رییان كرد.

هاوکات 973 شارەوانیی شارۆچکەکان و 390 شارەوانییش بۆ شارەدێیەکان، هەروەها 336 موختاریش هەڵدەبژێردرێن، کە بە گشتی 208 هەزار سندووقی دەنگدان لە ناوەندەکانی دەنگدان ئامادە کرابوون.

لەم هەڵبژاردنەدا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 هاووڵاتی باکووری کوردستان و تورکیا مافی دەنگدانیان هەبوو، لە نێویاندا ملیۆنێک و 32 هەزار و 610 کەس یەکەمجار بوو بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.