سەرۆکی جەهەپە: دەنگدەرانی تورکیا بڕیاریاندا وێنەی 22 ساڵەی تورکیا بگۆڕن

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی جەهەپە لە یەکەم پەیامیدا دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا سەرکەوتنی پارتەکەی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد لە ساڵی 1977ـەوە یەکەمجارە دەبنە پارتی یەکەمی تورکیا و هاووڵاتییان بە دەنگدان بڕیاریاندا وێنەی 22 ساڵەی تورکیا بگۆڕن.

رۆژی یەکشەممە (31ـی ئاداری 2024) ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە 81 شارەوە چووینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و پارێزگاریمان لە دیموکراسی خۆمان کرد، هەروەها سوپاسی ئەو هاووڵاتییانە دەکەین کە دەنگی خۆیان بە ئێمەدا.

سەرۆکی جەهەپە گوتیشی: ئەمڕۆ دەنگدەرانی ئێمە بڕیارێکی گرنگیاندا، ئەنجامەکانی ئێستا پێمان دەڵێن دەنگدەرانمان دەیانەوێت سیاسەتێکی نوێ لە تورکیا پەیڕەو بکرێت، وێنەی 22 ساڵەی تورکیا بگۆڕن و ژینگەیەکی نوێی سیاسی لە تورکیا بهێننە ئاراوە.

ئۆزگور ئۆزەل باسی لەوەشکرد، خەڵکی ئێمە تەنیا بڕیاری نەداوە کە کێ ئیدارەی خۆجێی دەکات، بەڵکو بڕیاریداوە چۆن پێویستە ئیدارەی شارەوانییەکان بکرێت.

سەرۆکی جەهەپە بەدەستهێنانی دەنگەکانی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بە مێژوویی وەسفکرد و گوتی: تەنیا لەبەرئەوەی لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، ئەوە ناسەلمێنێت کە ئەم هەڵبژاردنە دادپەروەرانە بووە، بەڵکو هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن بە گواستنەوەی دەنگدەران بۆ پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات، هەوڵێکی خراپە وەک دانانی قەیووم بۆ ئەو شارەوانیانەی پێشتر لەلایەن دەنگدەرانەوە هەڵبژێردراون.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان تا کاتژمێر (22:20)ـی (31ـی ئاداری 2024) رێژەی 58%ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و لە زۆربەی شارەوانییە گەورەکانی تورکیادا، کاندیدانی جەهەپە لە پێشەوەن و لە 11 پارێزگای باکووری کوردستانیش، کاندیدانی دەم پارتی دەنگی یەکەمیان بەدەستهێناوە.

كاتژمێر 7:00ـی به‌یانی تاوەکو 17:00ـی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (31ی ئاداری 2024) هاووڵاتییانی باکووری کوردستان و تورکیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەنگیاندا کە 34 پارتی سیاسیی لە 81 شارەوانیی کە 30ـیان گەورە شارەوانین ركابه‌رییان كرد.

هاوکات 973 شارەوانیی شارۆچکەکان و 390 شارەوانییش بۆ شارەدێیەکان، هەروەها 336 موختاریش هەڵدەبژێردرێن، کە بە گشتی 208 هەزار سندووقی دەنگدان لە ناوەندەکانی دەنگدان ئامادە کرابوون.

لەم هەڵبژاردنەدا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 هاووڵاتی باکووری کوردستان و تورکیا مافی دەنگدانیان هەبوو، لە نێویاندا ملیۆنێک و 32 هەزار و 610 کەس یەکەمجار بوو بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.