ئیبراهیم ڕەئیسی: هێرشەکەی ئیسرائیل بێ وەڵام نامێنێتەوە
K24 - هەولێر
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق ڕایگەیاند، دەبێت ئیسرائیلییەکان بزانن بەم کردەوە نامرۆڤانەیان هەرگیز بە ئامانجەکانیان ناگەن و ڕۆژ دوای ڕۆژیش بەرەی موقاوەمە بە هێزتر دەبێ و ئەو تاوانەشیان بێ وەڵام نامێنێتەوە.
ڕەئسی لە بەیاننامەیەکدا هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق و کوشتنی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی وڵاتەکەی ئیدانەکرد و ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی کونسولگەریی ئێران لە دیمەشق کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە و پێشێلکردنێکی ئاشکرای بڕیارنامە نێوەدوڵەتییەکانە.
دەشڵێت: ئەو فەرماندانەی سوپای پاسداران کراونەتە ئامانج، جەنگاوەرانی سەردەمی بەرگری پیرۆز بوون و ئێستاش بە ئەرکی پاسەوانی لە شوێنە بەرز و پیرۆزەکانی ئیسلام و مرۆڤایەتی لە سووریا بوون.
سەرۆکی کۆماری ئێران لە ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ: ڕژێمی ڕق لە دڵی ئیسرائیل بۆ خۆ ڕزگارکردنی لە شکست و هەوڵە بێ ئەنجامەکانی لە بەرانبەر بڕواداران و مۆراڵی موجاهیدانی بەرەی موقاوەمە، کوێرانە کەوتووەتە تیرۆرکردن و بڕیاربدان، بەڵام پێویستە بزانێت ئەو کارە نامرۆییەی هەرگیز بە ئامانج ناگات و ڕۆژ دوای ڕۆژ شایەتی بینی بەهێزبوونی بەرەی موقاوەمە و نەفرەت و توڕەیی نەتەوە ئازادیخوازەکان دەبێت بەرانبەر بە پرۆژە نا شەرعییەکانی.
هەروەها ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی قوربانیانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئێوارەی دوێنێ دووشەممە دەکات و دەڵێ "ئەو کردەوە تاوانکاریی و نا مەردانەی ئیسرائیل بێ وەڵام نامێنێتەوە".
ئێوارەی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەختی سووریا باڵەخانەیەکی نزیک باڵیۆزخانەی ئێرانی کردە ئامانج
و دوای چەند کاتژمێرێک لەو هێرشە سوپای پاسدارانی ئێران به فهرمی كوژرانی دوو فهرمانده و پێنج ڕاوێژكار و ئهفسهر لهو هێرشهی ئیسرائیل بۆ سهر دیمهشق ڕاگهیاند.