تەقە لە نزیک ماڵی کاندیدایەکی دەرچووی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دەکرێت

شارۆچەکەی تێرێبۆڵۆی سەر بە شاری گیریسون
شارۆچەکەی تێرێبۆڵۆی سەر بە شاری گیریسون

K24 – هەولێر:

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، کەسێکی نەناسراو لە نزیک ماڵی بولینت کارا، کاندیدایەکی دەرچووی هەڵبژاردنی شارەوانیی شارۆچەکەی تێرێبۆڵۆی سەر بە شاری گیریسون تەقەی کردووە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەستی میدیاکانی تورکیا کەوتووە، لە نزیک ماڵی بولێنت کارا، کاندیدای دەرچووی هەڵبژاردنی شارەوانیی شارۆچکەی تێرێبۆڵۆی سەر بە شاری  گیرەسون لە لیستی ئیی پارتی، چەکدارێکی نەناسراو، کارا بانگهێشتی دەرەوە دەکات و دواتر ڕووی چەکەکەی لە ئاسمان دەکات و تەقە دەکات.

هەر زوو پۆلیس گەیشتنە شوێنی تەقەکە و چەکدارەکەیان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەست پێکردووە، هاوکات کارا، سکاڵای لەسەر چەکدارەکە تۆمار کردووە و ڕووداوەکەی بە ترسناک وەسف کردووە.

بولینت کارا، لە بارەی ڕووداوەکەوە گوتی: شەوی ڕابردوو ڕووبەڕووی ڕووداوێکی ترسناک بوومەوە؛ کەسێک لە بەردەم ماڵەکەمدا تەقەی کرد. سوپاس بۆ خوا  کەس زیانی پێ نەگەیشت، نازانم کەسەکە کێ بووە و من پێشتر نەمدیوە.

ڕۆژی یەکشەممە (31ی ئاداری 2024) هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوە چوو کە 34 پارتی سیاسیی ڕکابەرییان لە سەر سەرۆکایەتیی 81 شارەوانیی شارەکان کرد.

لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بە گوێرەی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا 100% دەنگەکان جیاکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی ڕاگەیەندراوە تا وەکوو ئێستا تەنیا ئەنجامی بەراییە و بڕیارە دوای یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکانی سەر پرۆسەکە، ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنرێت.