زانا مه‌لا خالید: یه‌كێتی پێی خۆش نییه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت
K24 – هەولێر:
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه به‌وه ده‌كات، یه‌كێتی ئێسته‌یش پێی خۆش نییه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت؛ ده‌شڵێت، پارتی پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان به لاوه گرنگه نه‌ك ژماره‌ی كورسییه‌كانی.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 2ـی نیسانی 2024) زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، تایبه‌ت به كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، یه‌كێتی ئێسته‌یش پێی خۆش نییه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت، نه‌خاسمه به‌هۆی بارودۆخی ناوخۆی حزبه‌كه و سنووره‌كه و ئه‌و لیستانه‌ی کە له‌وێ دروست بوونه و له یه‌كێتی بوونه‌ته‌وه.
زانا مه‌لا خالید ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد، یه‌كێتی له‌گه‌ڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و دیزاینه پێشوه‌خته‌یه كه سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامی كورسییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان داڕيژراوە.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌وه‌یش كرد، یه‌كێتی له ساڵی 2021ـوه له هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی، هیچ كات ئاماده نه‌بووه هه‌ڵبژاردن بكرێت.
ناوبراو ڕوونیشی كرده‌وه، كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و دادگه‌ی فیدراڵی دوو دامه‌زراوه‌ن سه‌باره‌ت به پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بێلایه‌ن نه‌بوون.
زانا مه‌لا خالید گوتیشی، یه‌كێتی قه‌باره‌ی خۆی به لاوه گرنگ نییه، به‌ڵكو قه‌باره‌ی پارتی له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بەلاوە گرنگه، كه ئایا ده‌بێته خاوه‌ن چه‌ند كورسی.
زانا مه‌لا خالید سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش ڕ‌اكێشا، ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی یه‌كێتی به‌و شێوه‌یه ئاراسته ده‌كات، هه‌مان عه‌قڵییه‌ته كه خه‌ڵكی كوردستان به برسیكردن سزا ده‌دات و هه‌رێمی كوردستانی به ئامانج گرتووه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، یه‌كێتی له وه‌رگرتنی پۆسته‌كانی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت هاوبه‌شه، به‌ڵام له هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاریه‌تیی هاوپه‌یمانیی پارتی دیموكراتی كوردستان نییه.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دووپاته‌ی كرده‌وه، پارتی ژماره‌ی كورسییه‌كانی خۆی له په‌رله‌مان لا گرنگ نییه، به‌ڵكو پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان به لاوه گرنگه.