بەربژێری دەم پارتی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانی وان بێبەش کرا

وان، تورکیا
وان، تورکیا

K24 – هەولێر:

دوای بڕیارەکەی وەزارەتی داد، پۆستی سەرۆکی شارەوانیی وان لە بەربژێری دەمپارتی وەرگیراوە و ڕادەستی بەربژێری ئاکپارتی کرا.

لە 31ـی ئاداردا، عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بە ڕێژەی 55%ـی دەنگەکان، لە هەڵبژاردنی شارەوانی وان سەرکەوتنی بەسەر بەسەر ڕکابەرەکەی عەبدولحەت ئەرڤاس، بەربژێری ئاکپارتی بەدەست هێنا، بەڵام ئەرڤاس چووە دادگا و داوای کرد پۆستی سەرۆکی شارەوانی نەدرێت بە زێدان.

دواتر لەسەر داوای وەزارەتی داد، دادگای تورکیا بڕیاریدا بەربژێرکردنی زێدان بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی هەڵبوەشێنتەوە و ڕکابەرییەکە لە بەرژەوەندیی ئەرڤاس یەکلا بکاتەوە. دواتر لقی وانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا پۆستی سەرۆکی شارەوانیی وانی ڕادەستی عەبدولحەت ئەرڤاس، بەربژێری ئاکپارتی کرد.

دواتر خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکانی شاری وان بۆ ئیدانەکردنی بڕیاری وەزارەتی داد، بەرپرسانی دەم پارتی دەڵێن: ئەمە بڕیارێکی کاتییە و دەستوەردان لە ئیرادەی گەل قبوڵ ناکەن.

لای خۆیەوە سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری دەم پارتی پەیامێکی ناڕەزایەتی لە باری بڕیارەکەی وەزارەتی داد بڵاوکردەوە و گوتی: ئەوانەی کە ڕێز لە ئیرادەی خەڵک ناگرن وانەیان لە ساڵی ڕابردوو وەرنەگرتووە.

هەروەها دەمیرتاش داوا لە سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات پابەندی قسەکانی بێت کە لە شەوی هەڵبژاردندا کردی و دان بە ئیرادەی خەڵکی واندا بنێت.

هاوسەرۆکی پێشووتری دەم پارتی وێرای نیگەرانی لەو بڕیارەی وەزارەتی داد داوا دەکات ڕێگە بۆ ئاشتی و دیالۆگ بکرێتەوە کە تاکە ڕێگەی چارەکردنی کێشەکانە.

ڕۆژی یەکشەممە (31ی ئاداری 2024) هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوە چوو کە 34 پارتی سیاسیی ڕکابەرییان لە سەر سەرۆکایەتیی 81 شارەوانیی شارەکان کرد.

لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بە گوێرەی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا 100% دەنگەکان جیاکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی ڕاگەیەندراوە تا وەکوو ئێستا تەنیا ئەنجامی بەراییە و بڕیارە دوای یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکانی سەر پرۆسەکە، ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنرێت.