دادگای فیدراڵی سکاڵای دژی ناردنی 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان رەتکردەوە

دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

K24 - هەولێر

دادگای فیدراڵی عێراق ئەو سکاڵایەی لە دژی پێدانی زیاتر لە 618 ملیار دینار بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو، یەکلایی کردەوە و ڕایگەیاند، سکاڵاکەی ڕەتکردووەتەوە چونکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نەبووە.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممە (3ی نیسانی 2024)، داوای یاسایی ژمارە 54ی تایبەت بەو سکاڵایەی لەلایەن مستەفا جەبار سەنەد لە سەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکرابوو، کە لە 14ی کانوونی دووەمی 2024 بڕیاری لە سەر رەوانەکردنی (618.587.029.346) دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابوو، بە پاساوی ئەوەی بڕیارەکەی سوودانی پێچەوانەی یاسای بودجەی بووە؛ بەڵام دادگا بە رەتکردنەوەی سکاڵاکە بڕیاری کۆتاییدا و رایگەیاند، سکاڵاکە رەتکراوە چونکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نەبوو.

رۆژی یەکشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار بۆ  مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.