مەسرور بارزانی بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی وانەبێژان دەرکرد

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 - هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا پێش جەژنی رەمەزان، شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-04-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە زووترین کات و پێش جەژنی رەمەزان، شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج بکرێت.

نزیکەی 35 هەزار و 550 وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن. مانگانه‌ 13 ملیار و 200 دینار وەکو شایستەی دارایی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆیان تەرخانکراوە. مووچەی ئەو وانەبێژانەی بڕوانامەی بەکالۆرۆیسیان هەیە، 400 هەزار دینارە و و ئەوانەی بڕوانامەی دبلۆمیشیان هەیە، 350 هەزار دینارە.

رۆژی سێشەممە، 06-03-2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگی هەشتی رابردوو رەزامەندی دابوو کە مامۆستایانی وانەبێژ ئەوەی پێویستە کاری (دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست) بۆ بکرێت. داوای کرد ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی دابنیشین و رایسپاردین کۆنووسێک ئامادەبکەین. کۆنووسەکەشمان ئامادەکرد، بەڵام بەداخەوە داوتر ئەو مامەڵەی حکومەتی فیدراڵیی لەگەڵ پشکی هەرێمی کوردستان بەسەردا هات."  

وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە باسی کرد، هەڵوێستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ نەگۆڕاوە، "بەڵام چاوەڕێ دەکەین پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی هەمواربکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو کات کاری بەگرێبەستبوونی مامۆستایانی وانەبێژ و خزمەتی هەموو مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان بکەین. هەڵبەتە چاومان زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک دەبێت".